فێرخوازانی بەشی ژمێریاری سەردانی کۆمپانیای سیلکا دەکەن
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٣/١١/٢٠٢٥، سەرۆکایەتى بەشی ژمێریاریی زانکۆی جیهان-هەولێر گەشتێکی زانستیی بۆ فێرخوازانی قۆناغى سێیەمى بەشەکەی بۆ کۆمپانیای سیلکا لە شاری هەولێر ڕێکخست.
لەو سەردانەدا، کە بە سەرپەرشتیی مامۆستا (ڕێبین بیلال محەمەد) بەڕێوەچوو لە کاتی گەیشتنیاندا، (یوسف سامی)، بەڕێوەبەری بەشی ژمێریاریی کارگەکە و تیمێکی بەشی کارگێڕی و ژمێریاری، بە گەرمی پێشوازییان لە فێرخوازان و مامۆستای سەرپەرشتیار کرد. پاشان یوسف سامی ڕوونکردنەوەیەکی تێروتەسەلی دەربارەی ڕێکارە ژمێریاری و دارایی و کارگێڕییەکانی کۆمپانیاکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، بە وردی باسی لە چۆنیەتیی تۆمارکردن و وردبینیکردنی پرۆسە دارایی و بەرهەمهێنانە ڕۆژانەکان کرد.هەر لەو چوارچێوەیەشدا، تیشکی خستە سەر پرۆسەکانی وەک: تۆمارکردن و وردبینیکردنی کڕینی کەرەستەی خاو (Raw Materials)، ئامادەکردن و تۆمارکردن و وردبینیکردنی لیستی مووچە (Payroll)، ژمێریاریی تێچووی کرێکاران، خەرجییەکانی کارپێکردنی کارگە و، کۆنترۆڵکردنی جووڵەی کۆگا، ئەوەش لە ڕێگەی سیستمێکی ژمێریاریی تۆکمە و سیستمی چاودێریی ناوخۆیی کۆمپانیاکەوە.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەدا دەرفەت بە فێرخوازان درا لە نزیکەوە ئاشنای هەنگاوە کردەییەکانی بەدواداچوونی تێچووی بەرهەمهێنان لە کارگەکە بن، کە بە تەکنەلۆژیای کۆنترۆڵی ژمارەیی (CNC) دیزاین دەکرێن. هاوکات فێرخوازان فێری چۆنیەتیی ئامادەکردنی بەڵگەنامە و پسوولەکانی فرۆشتن و ڕادەستکردن، چاودێریکردنی ئاستی کۆگا و پاراستنی هەماهەنگی لە نێوان کارگە و ئیدارەی سەرەکی بوون. تیمی ژمێریاری نموونەی کردەییان لەسەر بەڵگەنامەکردنی خەرجییەکان، دەرکردنی پسوولەکان و ئامادەکردنی ڕاپۆرتە داراییە ڕۆژانە و مانگانەکان خستەڕوو، کە ڕۆڵیان هەیە لە بڕیارە کارگێڕییەکاندا.
ئەم سەردانە دەرفەتێکی باشی بۆ فێرخوازان ڕەخساند تا لە نزیکەوە ئاگاداری جێبەجێکردنەکانی “ژمێریاری تێچووی پیشەسازی” (Cost Accounting) بن لە کارگەکاندا. لە کۆتاییدا، مامۆستا ڕێبین بیلال محەمەد سوپاسی یوسف سامی و تیمی کۆمپانیای سیلکای کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و پێشکەشکردنی زانیارییە بەنرخەکان.






