فێرخوازانی بەشی کارگێری کار بەشدارى پێشەنگ لە هەڵمەتی بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی چەمچەماڵ دەکەن
لە چوارچێوەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و بەدەمەوەچوونی بانگەوازە مرۆییەکان، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (١٥/١٢/٢٠٢٥)، گروپێک لە فێرخوازانی بەشی کارگێری کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییەکی کارا و بەرچاویان لە هەڵمەتێکی فراوانی دابینکردنی کۆمەک و هاوکاری بۆ لێقەوماوان و زیانلێکەوتوانی قەزای چەمچەماڵ کرد.
لە میانەی سەردانەکەیاندا و بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر (دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود)، فێرخوازان بە گیانێکی بەرزی مرۆڤدۆستییەوە بەشدارییان لە چالاکیەکەدا کرد، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان جگە لە دابینکردنی بەشە خۆراکی پێویست و جلوبەرگی گونجاو بۆ وەرزەکە، گرنگییەکی تایبەتیان بە لایەنی تەندروستی و پەروەردەیی دا لە ڕێگەی دابەشکردنی پێداویستییە بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکان، بەمەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شان و ماڵی لێقەوماوان. فێرخوازانی بەشی کارگێری کار دووپاتیان کردەوە کە ئەوان وەک بەشێک لە ئەرکی ئەخلاقی و نیشتمانی خۆیان، بەردەوام پێشەنگ دەبن لە کاری خۆبەخشی و خێرخوازی.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، فێرخوازان جەختیان لەوە کردەوە کە پشتیوانییەکانیان بەردەوام دەبی بۆ خزمەتکردنی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.






