فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار بەشێوەیەکى مەیدانى ئاشنای ڕێکارەکانی بەرهەمهێنان و دڵنیایی جۆری لە کۆمپانیای (الحیاة) دەبن
سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (٤/٢/٢٠٢٦)، گەشتێکی زانستیی مەیدانیی بۆ فێرخوازانی قۆناغی یەکەم بۆ کۆمپانیای (الحیاة) ڕێکخست.
ئەم سەردانە زانستییە کە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محەمەد قادر) بەڕێوەچوو، لەگەڵ گەیشتنیان، فێرخوازان لەلایەن (ڕێباز حوسێن حەمەد) بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان (HR) بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان لەلایەن خاتوو (شیماء حاتەم بەهرام) بەڕێوەبەری سەلامەتی خۆراک و خاتوو (باهۆز کامەران) بەرپرسی کوالێتی، تێڕوانینێکی گشتی لەبارەی ڕەوتی کارەکانی ناو کارگەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرا.
لە سەرەتادا، خاتوو شیماء حاتەم بەهرام ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمپانیای (الحیاة) بریکاری فەرمیی کۆمپانیای (بیبسی) جیهانییە، دواتر ڕوونکردنەوەی وردی دا لەبارەی پێکهاتە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی خواردنەوە گازییەکان کە پێکهاتووە لە (گازی CO2، شەکر، تام و ئاو)، پاشان خاتوو باهۆز کامەران تیشکی خستە سەر دوو بەشی سەرەکیی کۆمپانیاکە کە بریتین لە (Quality Control – Quality Assurance)، بۆ ئەوەش ڕوونی کردەوە بەشی (Quality Assurance) پشکنین بۆ جۆری کەرەستەکان دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە گونجانیان لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکانی بیبسی. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمپانیای بیبسی جیهانی ساڵانە لیستێک بە بریکارەکانی دەدات کە دەبێت کەرەستە خاوەکان لە چ کۆمپانیایەک بکڕن. سەبارەت بە بەشی (Quality Control)، باسی لە پشکنینی ئاو کرد، چونکە %٧٠ی پێکهاتەی بیبسی ئاوە و پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن. ئاوەکە بە چەندین فلتەردا تێدەپەڕێت؛ سەرەتا سیستمی (SAM) بۆ جیاکردنەوەی قوڕ و لیتە، دواتر سیستمی (RO) بۆ تەعقیمکردن و، لە کۆتاییدا ئاوەکە خەزن دەکرێت و کلۆری تێدەکرێت بۆ ڕێگری لە گەشەی بەکتریا. پاشان ڕوونکردنەوەیان دا لەسەر قۆناغەکانی ئامادەکردنی شووشەکان، پڕکردن، قەپاغکردن و کۆگاکردنی جۆرە جیاوازەکانی وەک (بیبسی، مێرەندا و سێڤن ئەپ). هەروەها ماوەی بەسەرچوونی بەرهەمەکانیان ڕوونکردەوە کە بۆ شووشە (٣٦٤) ڕۆژە و بۆ دەبە و قووتوو (١٨١) ڕۆژە.
لە کۆتاییدا تیشک خرایە سەر سیستمی بیمەی تەندروستی، کارگێڕی و سیستمی ژمێریاری کۆمپانیاکە. بۆ ئەوەش مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی ستافی کۆمپانیاکە کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زانستییە.







