فێرخوازانی بەشی کارگێڕی گشتی سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ یەکێتی هاوردەکاران و هەناردەکارانی عێراق ئەنجامدا
بۆ ئاشناکردنی فێرخوازانی قۆناغی سێیەم بە سیستم و شێوازی کارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان، بەشی کارگێڕی گشتی لە زانکۆی جیهان-هەولێر گەشتێکی زانستیی مەیدانیی بۆ یەکێتی هاوردەکاران و هەناردەکارانی عێراق – لقی هەرێمی کوردستان (لقی هەولێر) ڕێکخست.
لەو سەردانەدا، کە ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١/٢/ ٢٠٢٦ بەڕێوەچوو، تیایدا ژمارەیەک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی کارگێڕی گشتی بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ڕاز ئازاد جەلال) سەردانی بارەگای یەکێتییەکەیان کرد و، لە لایەن (ڕەسول حاجی عومەر)، سەرۆکی لقی هەرێمی کوردستانی یەکێتی هاوردەکاران و هەناردەکارانی عێراق و، (شوان شێرزاد شێخەلی)، بەڕێوەبەرى بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا.
لە دیدارێکدا، ڕەسول حاجی عومەر ڕوونکردنەوەیەکی ورد و گشتگیری دەربارەی شێوازەکانی بەڕێوەبردن و پرۆسە ڕێکخراوەییەکانی ناو یەکێتییەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد. ئەمەش هاوکار بوو بۆ ئەوەی فێرخوازان تێگەیشتنێکی پراکتیکی و واقیعییان دەربارەی سروشتی بازرگانیی نێودەوڵەتی لا دروست بێت و ئەزموونە کارەیییەکانیان دەوڵەمەندتر بکەن.
لە لایەکی دیکەوە، شوان شێرزاد شێخەلی تیشکی خستە سەر ڕێکارەکان، مافەکان و پێداویستییەکانی چوونە ناو یەکێتییەکە. هاوکات باسی لە مەرجەکانی دروستکردنی ناسنامەی دامەزراوەیی لە چوارچێوەی یەکێتی هاوردەکاران و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان و ئەو سوود و خزمەتگوزارییانە کرد کە ئەندامانی یەکێتییەکە لێی سوودمەند دەبن.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، سەرپەرشتیاری گەشتەکە و فێرخوازان سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆیان ئاراستەی بەڕێز ڕەسول حاجی عومەر و ستافەکەی کرد بۆ ئەو پێشوازییە شایستەیە و ئەو زانیارییە زانستی و پیشەییە بەپێزانەی کە لە میانەی سەردانەکەدا پێشکەشیان کرا.







