فێرخوازانی بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد
فێرخوازانی بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتى (٥/١١/٢٠٢٥)، سەردانێکی زانستییان بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدا.
لەم گەشتە ئەکادیمییەدا، کە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمى بەشی یاسا بەشدارییان تێدا کرد، بە سەرپەرشتی دکتۆر ئەحمەد عوزێری بەڕێوەچوو، بۆ ئەوەش سەرەتا لەلایەن بەهمەن مام خولە دزەیی، بەڕێوەبەری بەشی چاودێری، پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکدا بەخێرهاتنی فێرخوازانی کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەم دەستپێشخەرییە ئەکادیمییە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان دامەزراوە پەروەردەیی و یاسادانانەکانە.
پاشان، فێرخوازان لە هۆڵى پەناگیرى پەرلەمان،لەگەڵ پڕۆفیسۆر دکتۆر وەعدی مزوری، ڕاوێژکار لە پەرلەمانی کوردستان کۆبونەوە، لە میانەى کۆبونەوەکەدا ئەو ڕاوێژکارەى پەرلەمانى کوردستان باسی لە مێژووی دامەزراندنی پەرلەمان، دەسەڵاتەکانی و ڕۆڵی دەستووری و سیاسی لە سیستمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا کرد.
لە وێستگەیەکى دیکەى گەشتە زانستییەکەیاندا، فێرخوازان بەشە جۆراوجۆرەکانی پەرلەمانیان بەسەرکردەوە، بەتایبەت سەردانی کتێبخانەی پەرلەمانیان کرد و، لەلایەن محمد تاهیر پیرانی بەڕێوەبەری کتێبخانەکە ڕوونیکردنەوەیەک پێشکەش بە فێرخوازان کرا سەبارەت بەو کتێبانەى کە لە کتێبخانەکەیان بەردەستن، ڕاشیگەیاند: دەرگاى کتێبخانەکەیان هەمیشە بەڕووى فێرخوازانی خوێندنی باڵا و توێژەران کراوەیە، بەتایبەت ئەوانەى کە دەیانەوێت سوود لە سەرچاوە زانستییەکانی وەربگرن.
لە کۆتا وێستگەى سەردانەکەیاندا فێرخوازان هۆڵی دانیشتنە گشتییەکانی پەرلەمانیشیان بەسەرکردەوە، لەوێش دکتۆر بریار شیرکۆ بابان، ڕاوێژکار لە پەرلەمانی کوردستان، ڕوونکردنەوەی لەسەر میکانیزمی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکان، سیستمەکانی دەنگدان و، پێکهاتەی فراکسیۆن و لیژنە پەرلەمانییەکان پێشکەش بە فێرخوازان کرد.







