فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێر؛ بەسەرکەوتویی کۆرسێکى خوێندنیان لە پۆڵندا تەواو کرد و گەڕانەوە کوردستان
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن بەسەرکەوتویی لە بوارە جیاکان و ئەنجامدانى چەندین چالاکى زانستى و بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەکانى کۆتایی لە هەریەک لە زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (SGGW) و، زانکۆى وۆچ (University of Lodz) لە پۆڵندا گەڕانەوە هەرێمى کوردستان.
دواى گەڕانەوەشیان، ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتى (١٧/٢/٢٠٢٥) لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازییان لێکرا و، لە دیدارێکدا دواى ئەوەى بەخێرهاتنەوەى لێکردن، وتى: هەڵبژاردنى ئێوە کارێکى ئاسان نەبوو، بەڵام خۆش بەختین کە سەرکەوتووبوین، بۆیە پیرۆزبایتان لێ دەکەم، کە توانیان ئەزمونێکى سەرکەوتوو بۆ ژیانى زانستى خۆتان تۆمار بکەن بەتایبەت لە بوارى زانستى و کەلتورى و کۆمەڵایەتى، وتیشى داهاتوویەکى گەش چاوەڕێتان دەکات، هاوکات سوپاسى سەرۆکایەتى بەشە زانستیەکان و کەسوکارى فێرخوازان و فێرخوازان دەکەم، کە توانیان ڕوویەکى جوانى نیشتیمان و زانکۆ و بنەماڵە و مامۆستا و وڵاتەکەیان پیشانى زانکۆى (SGGW) و زانکۆى وۆچ (University of Lodz) بدەن، ڕونیشیکردەوە ئەو مامەڵەیەى ئێوە دەرگاى پێکەوە کارکردنى زانکۆکەمانى لەگەڵ زانکۆ وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان و، زانکۆى وۆچ فروانتر کرد، چونکە ئێوە توانیتان نوێنەرایەتیەکى گرنگ بکەن، ئەوەش دەسکەوتێکى دیکەیە بۆ ئێوە و زانکۆ و نیشتیمانەکەتان، هەربۆیە شانازیتان پێوە دەکەین، جگە لەوەش مانەوەتان بۆ خۆى ئەزمونێک بوو بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى متمانەتان بە مامۆستایان و ستافى و زانکۆکەتان، بۆیە سوپاسى ئێوە دەکەم، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دوپاتیشکردەوە، کە لە ئێستاوە دەرگاى زانکۆ بەڕوتان کراوەیە بۆ ئەوەى کە خوێندنتان تەواوکرد لێرە دابمەزرێن و ببنە مامۆستا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ هانى فێرخوازانى دا ئەو ڕاستیانەى کە لە میانەى ئەم گەستە زانستیەدا بینیان بە هەموو خەڵکى بگەێنن، چ ئەو ڕاستیانەى پەیوەندیی بە پاڵپشتیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر هەیە، یان ئەو زانکۆیانەى کە کۆرسى خوێندنەکەیان تێدا تەواو کرد، وتیشى ڕەوانەکردنى ئێوە بۆ زانکۆکان ئاماژەیەکى بێ چەند و چۆنە بۆ ئەوەى کە زانکۆکەمان زانکۆیەکى نێوەوڵەتیە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ هیواى خواست ئەم ئەزمونەتان ببێتە هاندرێکى بەهێز بۆ تەواوکردنى خوێندنى ماستەر لەو وڵاتە، چونکە ئێستا زۆر باش ئاشناى سروشت و ژینگەى خوێندن لەو وڵاتە بوون، ئەوەشتان بۆ ڕون بوەوە کە هیچ شتێکیان لە ئێوە باشتر نیە، لە ڕووى زانستى و ڕەوشتى و مرۆیی جێگەى شانازین، لە کۆتایشدا هانى دان ئەو ئەزمونەى لەو وڵاتە فێرى بوون بۆ هاوڕێ و هاوپۆلەکانیان باسى بکەن و، دەسکەوتەکانیش بخەنە خزمەت ڕەوتى زانست و پێشکەوتنى نیشتیمان لە بوارە جیاوازەکان.
لە بەرانبەردا، فێرخوازانیش سوپاسى سەرۆکى زانکۆ و تەواوى مامۆستا و هاوکارانیانى لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، وتىان دڵخۆشین کە یارمەتى فێرخوازان دەەن، ڕونیشیانکردەوە لە پەراوێزى خوێندنەکەیان بەردەوام باسى دەسکەوت و ئەزمونەکانیان بۆ مامۆستایان و فێرخوازانى نێودەوڵەتى کردوە، بەتایبەت لە ناساندنى کورد و عێراق، هەر ئەوش وایکردوە پەیوەندییەکى فراوان دروست بکەن و، ئەزمونێکى گەورە و باش بەدەست بهێنن.
ئەم گروپانەى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، مانگى (٢)ى ساڵى (٢٠٢٤) و بەشێکى دیکەشیان سەرەتاى مانگى (١٠)ى ساڵى (٢٠٢٤) گەیشتنە وارشۆى پایتەخت و، لە هەریەک لە زانکۆى وۆچ (University of Lodz) و، زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) خوێندنەکەیان تەواو کرد، تەواوکردنى ئەو کۆرسەى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پۆڵندا، لە چوارچێوەی کارە هاوبەشەکانى زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ هەریەک لە زانکۆ وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان و، زانکۆى وۆچ دێ، کە لە ماوەى مانەوەیان لەو وڵاتەدا فێرخوازان چەندین چالاکى زانستیان ئەنجامدا و، لە بەشە زانستیە هاوشێوەکانیاندا لەلایەن مامۆستایانى زانکۆ وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان و، زانکۆى وۆچ بەشێوەیەکى تیۆرى و لە تاقیگەکانى زانکۆکەدا ڕاهێنان بە فێرخوازان کرا و، ئەزمونێکى نوێیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هاوکات فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێریش بە توانا و لێهاتوەکانیان بوونە جێى سەرەنجى مامۆستایانى زانکۆکە.