فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشدارییەکی کارا لە کەمپینی بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی چەمچەماڵ دەکەن
لە چوارچێوەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و مرۆیی، ژمارەیەکی بەرچاو لە فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە قۆناغ و بەشە جیاوازەکان وەک خۆبەخش بەشدارییان لە کەمپینی فراوانی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی چەمچەماڵ لە سنورى پارێزگاى هەولێر کرد.
لە میانەى هەڵمەتەکەدا، فێرخوازان ڕۆڵێکی سەرەکی و مەیدانییان گێڕا لە بەڕێوەبردنی پرۆسە لۆجیستییەکاندا، کە بریتی بوو لە وەرگرتن، پۆلێنکردن و ئامادەکردنی سەدان کارتۆن لە خۆراک، جلوبەرگ و پێداویستییە پزیشکی و سەرەتاییەکان. پرۆسەکە بە شێوەیەکی سیستماتیکی و بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ رێکخراوەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەلایەن کەناڵى (AVA Media) بەهاوبەشى (Kurdistan Foundation ) بەڕێوەچوو بۆ مسۆگەرکردنی گەیشتنی هاوکارییەکان بە خێراترین کات و بە پارێزراوی بۆ دەستی خێزانە زیانلێکەوتووەکان، کە ئەمەش نموونەیەکی باڵای کاری هەرەوەزی و پەرۆشی فێرخوازان بوو بۆ کەمکردنەوەی ئازاری هاونیشتمانیان لە شارۆچکەى چەمچەماڵ و تەکیە و شۆڕش کە بەهۆى لافاوى چەند ڕۆژى ڕابردوو زیانیان بەرکەوتووە.
ئەم چالاکییە خۆبەخشییەى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە (كاروخ سران – قۆناغى دووەم ) و(شاكار دلدار – قۆناغى سێیەم) لە بەشى یاسا؛ راستەوخۆ دەچێتە خانەی جێبەجێکردنی ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی بەردەوام (SDGs)، بەتایبەتی ئامانجی یەکەم (No Poverty) بۆ کەمکردنەوەی هەژاری و، ئامانجی (17)هەم (Partnerships for the Goals) کە جەخت لەسەر “هاوبەشی بۆ بەدیهێنانى ئامانجەکان” دەکاتەوە.
لەرێگەی ئەم هەنگاوەوە، زانکۆی جیهان-هەولێر پابەندبوونی خۆی دووپات دەکاتەوە بەوەی دامەزراوە ئەکادیمییەکان کاراکتەرێکی کاریگەرن لە بەدیهێنانی پەرەپێدانی بەردەوام و نەهێشتنی قەیرانەکان، هەروەک بەشێکە لە پەیامی زانکۆ بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و بەهێزکردنی گیانی خۆبەخشی و مرۆڤدۆستی لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا ئەنجام درا.






