فێرخوازانی کۆلێژى پزیشکی ددان لە فیستیڤاڵی هەولێر ستریت بازاڕ پشکنین و ڕاوێژکاری پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکەن
لە ڕۆژانی هەینی و شەممە ڕێکەوتی (١٣ و ١٤ی ئازاری ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانى کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییەکی کارای لە فیستیڤاڵی “هەولێر ستریت بازاڕ”دا کرد.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (نینۆس پۆڵۆس فیلیپ) ڕاگری کۆلێژی پزیشکی ددان بەڕێوەچوو، کە تێیدا گرووپێک لە فێرخوازانی لێهاتوو خزمەتگوزاریی پشکنینی سەرەتایی، ڕاوێژکاریی پزیشکی و ڕێنمایی تەندروستییان دەربارەی پاراستنی دەم و ددان پێشکەش بە سەردانیکەرانی فیستیڤاڵەکە کرد.
لە میانی چالاکییەکەدا، فێرخوازانی قۆناغی چوارەم بە شێوەیەکی مەیدانی مامەڵەیان لەگەڵ حاڵەتەکان کرد؛ لەو چوارچێوەیەدا فێرخواز (ڕۆکسان هەزار تۆفیق) پشکنینی نەخۆش و دەستنیشانکردنی ئەو حاڵەتانەی پێویستیان بە کێشان، پڕکردنەوە، یان پاککردنەوەی ددان هەبوو بۆ سەردانیکەران ئەنجامدا، هاوکات پشکنینی بۆ منداڵان کرد و ڕێنمایی خۆپارێزی پێ بەخشی. هەروەها فێرخواز (ئەسما شێخان ئەحمەد) حاڵەتێکی چارەسەری دەمار و پڕکردنەوەی ددانی دەستنیشان کرد. لەلایەکى دیکەوە فێرخواز (دیما دیار عەبدوڵا) پشکنینی بۆ حاڵەتێکی پڕکردنەوە و سپیکردنەوەی ددان کرد، هەروەک فێرخواز (ئاکار ئەبوبەکر محەمەد) حاڵەتێکی پێویست بە کێشانی ددانی دەستنیشان کرد. لە هەمان کاتدا فێرخواز (ئەحمەد ڕزگار ئیسماعیل) پشکنینی بۆ نەخۆشێک کرد کە پێویستی بە ددانی دەستکردی جوڵاو (Partial Denture) هەبوو، بەهەمان شێوە فێرخوازی قۆناغی دووەم (مەند فەرهاد محەمەد) هاوکاریی هاوڕێکانی کرد لە پشکنینی نەخۆش و پێوانەکردنی ڕێژەی شەکرە لە خوێن بۆ هاوڵاتیان.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، فێرخوازان فڵچە و مەعجونی ددانیان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش کرد بە مەبەستی هاندانیان بۆ بایەخدان بە پاکوخاوێنی دەم و ددان. ئەم کارلێکە ڕاستەوخۆیە لەگەڵ جەماوەردا، بووە مایەی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی دەربارەی تەکنیکە ڕاستەکانی ددان شتن و گرنگیی چاودێریی ڕۆژانە.







