فێرخوازانی کۆلێژی پزیشکی ددان هەڵمەتێکی پشکنین و هۆشیاری تەندروستى لە قوتابخانەی “ڕاسان” بەڕێوەدەبەن
لە چوارچێوەی پابەندبوونیان بە خزمەتکردنی کۆمەڵگە و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی، فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٧/١/٢٠٢٦)، چالاکییەکی خێرخوازیی تەندروستییان لە قوتابخانەی “ڕاسان”ی بنەڕەتی ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر “مەریەم فاخر ئیبراهیم” بەڕێوەچوو، سەرەتا لە لایەن مامۆستا “سەمیرە تەها ڕەسوڵ” بەڕێوەبەری قوتابخانەی ڕاسانەوە پێشوازییەکی گەرم لە فێرخوازان کرا، لە وتەیکیدا بەڕێوەبەری قوتابخانەکە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەم دەسپێشخەرییە دەربڕی و، جەختی لەسەر گرنگیی ئەم جۆرە پڕۆژە مرۆییانە کردەوە بۆ پاراستنی تەندروستی منداڵان.
لە میانی ئەم بەسەرکردنەوەیەدا، فێرخوازانی پزیشکی ددان پشکنینی پزیشکیان بۆ ددانی قوتابیانى قوتابخانەکە ئەنجامدا بە مەبەستی دەستنیشانکردنی کێشە تەندروستییەکانی دەم و ددان. هاوکات، کۆمەڵێک ڕێنمایی و ئامۆژگاریی تەندروستییان پێشکەش بە منداڵەکان کرد سەبارەت بە پاکوخاوێنی دەم و ددان و گرنگیی چاودێریی ڕۆژانە لە تەمەنی منداڵییەوە.
وەک بەردەوامییەک بۆ ئەم کارە خێرخوازییە، ئەو قوتابیانەى کە پێویستییان بە چارەسەری وردتر هەبوو، ئاراستە کران بۆ وەرگرتنی چارەسەری خۆبەخشانە لە نەخۆشخانەی فێرکاریی کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، تاوەکو بە چاودێری پزیشکە پسپۆڕەکاندا کارەکانیان بۆ تەواو بکرێت.







