فێرخوازێكی بەشی ڕاگەیاندن لە ئامادەیی دەنگارە لە شەقڵاوە باس لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و خوێندن دەکات
لە بەردەوامیی چالاكییەكە زانستییەكانیاندا، فێرخوازێكی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود)، ڕۆژی دووشەممە 2-2-2026 سیمینارێكی هۆشیاریی بەناونیشانی (چۆنیەتی بەکارهێنانی درووستی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر پڕۆسەی خوێندن) لە ئامادەیی دەنگارە لە شەقڵاوە ئەنجام دا.
ناوەڕۆكی سیمینارەكە لەلایەن فێرخوازی قۆناغی سێهەمی بەشی ڕاگەیاندن (ڕزگار صالح) پێشكەش كرا. لە دەستپێکی سیمینارەکەدا، بە وردیی تیشکی خستە سەر پێشکەوتنە خێراکانی تەکنەلۆژیا و ڕۆڵی ئامێرە زیرەکەکان (مۆبایل، ئایپاد، کۆمپیوتەر) لە ژیانی ڕۆژانەی گەنجان و قوتابیاندا.
پاشان، فێرخواز ڕوونی کردەوە کە چۆن قوتابیان دەتوانن ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانیان لە تەنها هۆکارێکی کاتبەسەربردنەوە بگۆڕن بۆ کتێبخانەیەکی گەڕۆک و سەرچاوەیەکی زۆری زانیاری. ئاماژەی بەوە کرد کە بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنە فێرکارییەکان، پلاتفۆرمەکانی فێربوونی زمان و، گەڕان بەدوای سەرچاوە زانستییەکاندا لەناو هێڵەکانی ئینتەرنێت، دەبێتە هۆی پەرەپێدانی توانستە کەسییەکانی قوتابی و ئاسانکردنی پڕۆسەی تێگەیشتن لە بابەتە ئاڵۆزەکانی خوێندن.
لە تەوەری سێیەمی سیمینارەكەدا، فێرخواز بە وردی تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی ئاڵوودەبوون بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو کاتە زۆرەی کە قوتابیان بەبێ سوود لەو پلاتفۆرمانەدا بەفیڕۆی دەدەن، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی زانستی و کەمبوونەوەی تەرکیز. پێشنیاری چەند ڕێگەیەکی کرد بۆ ڕێکخستنی کات، لەوانە دیاریکردنی کاتی تایبەت بۆ بەکارهێنانی مۆبایل و دوورکەوتنەوە لە ئامێرەکان لە کاتی خوێندن و پێش خەوتن، تاوەکو هاوسەنگییەک لە نێوان ژیانی دیجیتاڵی و پڕۆسەی پەروەردەدا دروست بێت.
لە بەشی کۆتاییدا، ڕزگار صاڵح جەختی كردەوە لەسەر پرسی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و پاراستنی تایبەتمەندییە کەسییەکان. هۆشداریی دا بە قوتابیان کە نابێت زانیارییە هەستیارەکانیان و وێنە تایبەتییەکانیان لەگەڵ کەسانی نەناسراو لە جیهانی مەجازییدا هاوبەش بکەن. هەروەها ڕێنمایی کردن دەربارەی بەکارهێنانی وشەی نهێنی (Password) بەهێز و وریایی لە کردنەوەی ئەو لینک و ماڵپەڕە گوماناوییانەی کزە دەبنە هۆی هاککردنی ئامێرەکانیان و تێکدانی ئاسایشی دەروونی و کۆمەڵایەتییان.
لە كۆتایی سیمینارەكەدا، كارگێڕیی قوتابخانەی دەنگارە سوپاسی فێرخواز ڕزگار صاڵحی كرد بۆ پێشكەشكردنی ناوەڕۆكی سیمینارەكە و، هۆشیاركردنەوە و ئاگاداركردنەوەی قوتابیان لە چۆنییەتی بەكارهێنان و مەترسییەكانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان.






