فێرخوازێکى بەشى تەکنیکى سڕکردن بەشداری لە دووەمین کۆنفرانسی عێراقی بۆ سڕکردن و چاودێری چڕ دەکات
ڕۆژى هەینى ڕێکەوتى (٢٦/٩/٢٠٢٥) چالاکییەکانی دووەمین کۆنفرانسی عێراقی بۆ سڕکردن و چاودێری چڕ (ICAIC 2025) لە بەغداد بەڕێوەچوو و، زانکۆی جیهان – هەولێریش بەشدارییەکى کارایی چالاکیەکانى کۆنفرانسەکەى کرد.
لەو کۆنفرانسەدا، کە لە کۆمەڵگەی ڕۆشنبیری ئەبرار لە جادرییە لە بەغداد بە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتی ئەکادیمی و پزیشکی دیاری بوارى سڕکردن و چاودێرى چڕ لەسەر ئاستى عێراق و ناوچەکە بەڕێوەچوو، لە زانکۆى جیهان-هەولێریش سازان محەمەد فەتحوڵڵا، فێرخوازى قۆناغی سێیەمی بەشی تەکنیکەکانی سڕکردن، بەشداریی لە دانیشتن و پانێڵەکانى کۆنفرانسەکەدا کرد، کە تیایدا نوێترین پێشهاتە زانستییەکانی لە بواری سڕکردن و چاودێری چڕدا خرانە ڕوو، هەروەها تاوتوێی نوێترین تەکنیکە سەردەمییەکانی لە بوارى پسپۆڕی سڕکردن بەپێی ستانداردە پزیشکییە جیهانییەکان کرا، جگە لەوەش چەندین دیدار و کۆبونەوەى زانستى لە پەراوێزى کۆنفرانسەکەدا بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە بە سپۆنسەریی سەندیکای خاوەن پیشە پزیشکی و تەندروستییەکان بە هاوکاریی کۆمپانیای شمۆخ و ژمارەیەک لە کۆمپانیا پێشەنگەکانی بەرهەمهێنانی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان بەڕێوەچوو، لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆی جیهان – هەولێر، بەشدارییان لە دەوڵەمەندکردنی دانیشتنە زانستییەکانی کۆنفرانسەکەدا، ئەوەش لە ڕێگەی فێرخواز و ژمارەیەک لە ستافى ئەکادیمیی بەشى تەکنیەکانى سڕکردن، هەروەک جەختیان لەسەر پابەندبوونی بەردەوامی زانکۆى جیهان-هەولێر لە چالاکییە زانستی و توێژینەوەییەکان و خزمەتکردنی کۆمەڵگەی ئەکادیمی و تەندروستی کردەوە. لە کۆتایی کۆنفرانسەکەشدا بڕوانامەى ڕێزلێنان و بەشداریکردن بە زانکۆى جیهان-هەولێر و بەشدارانى دیکەى کۆنفرانسەکەدا دابەش کرا.