فێرخوازێکى بەشى ڕاگەیاندن بەشداری لە کەمپینی جوانکردنی شاری هەولێر دەكات
کۆمەڵە خۆبەخشێكی بەهرەمەندی شاری هەولێر، کەمپەینێکیان بە ناونیشانی (ڕەنگاڵە) ڕاگەیاندووە، بۆ لادان و سڕینەوەی هەموو ئەو نووسراوە ناڕێک و نەشیاوانەی کە وەک دیاردەیەکی نەشاز لە گەڕەک و کۆڵان و شەقامە گشتییەکانی شاری هەولێر نووسراون، لەو چوارچێوەیەشدا فێرخوازێکى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک خۆبەخش بەشدارى لە هەڵمەتەکەدا کردووە.
نەجوا باقی ڕەشید، فێرخوازى قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندنە لە زانکۆی جیهان-هەولێر، وەک خۆبەخش بەشداریی لە چالاکییەکانى كەمپەینەكەدا كردووە بۆ جوانکردنی شاری هەولێر، دەستپێکى چالاکى کەمپەینەکەیان لە ڕازاندنەوە و بۆیاخکردنی دیوارەکانی سەر شەقامی 150 مەتری و شەقامی 120 مەتری هەولێر بووە.
لە میانەى كەمپەینەكەیاندا، ئەو فێرخوازەی بەشی ڕاگەیاندن بە هاوكاریی خۆبەخشەكانی دیكە، سەرەتا هەموو ئەو نووسراوە ناڕێک و نامۆیانەیان لابرد کە لەسەر دیوارەکانی سەر شەقامی 150 مەتری و شەقامی 120 مەتری هەبوون، دواتریش دیوارەکانیان به وێنەی ئاڵای کوردستان و کاری دیکەی هونەریی نەخشاند.
كەمپەینی ڕەنگاڵە، لەلایەن ڕێکخراوی (مەیپڵ تری) ڕێکخراوە و لەلایەن سەرۆکایەتیى شارەوانیی هەولێر سەرپەرشتی دەکرێت، بۆئەوەى دیوارەکان لەبرى وتەى نەشیاو و ناڕێك ببنە تابلۆیەک بۆ گەیاندنى پەیامی ئاشتی، یەکڕیزی و پاراستنى کەلتوورى و ناسنامەیی. بۆ ئەوەش ئەندازیار کارزان هادى، سەرۆکى شارەوانیى هەولێر بەشداریی لە چالاکییەکانى هەڵمەتەکەدا کرد بۆ پشتگیریکردن و هاندانی خۆبەخشەکان، لە وتەیەکیشدا سوپاس و ستایشی فێرخوازان و گەنجە خۆبەخشەکانى کرد، کە هەوڵى جوانکردنى سیماى شارى هەولێر دەدەن.






