فێرخوازێکى بەشی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکی هۆشیاری تەندروستی لەبارەى نەخۆشییەکانی زستان لە قوتابخانەی هەولێرى تایبەت بڵاودەکاتەوە
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٢/١١/٢٠٢٥)، شۆخان عومەر ڕەسووڵ، فێرخوازى قۆناغی چوارەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانى قوتابخانەی هەولێر تایبەتی کرد و، بابەتێکى بەناونیشانى “نەخۆشییەکانی زستان و چۆنیەتی خۆپاراستن لێیان” پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا شۆخان عومەر ڕەسووڵ بە گەرمی لەلایەن مامۆستا شاخەوان عومەر، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازی لێکرا، ڕونیشیکردەوە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لە نێو قوتابیانی قوتابخانەدا سەبارەت بە نەخۆشییە وەرزییەکان و ڕێکارەکانی خۆپاراستنی تەندروستی بابەتێکى هەنوکەیی گرنگە، بۆ ئەوەش ستایشى بەشی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکی کرد .
پاشان، شۆخان عومەر ڕەسووڵ شیکردنەوەیەکى وردى زانستى سەبارەت بە هەوکردنە باوەکانی پەیوەندیدار بە زستان وەک ئەنفلۆنزا، سەرمابوونی باو و هەوکردنی سییەکان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد و، تیشکی خستە سەر هۆکارەکان، نیشانەکان و ڕێگەکانی خۆپاراستن لێیان، بۆ ئەو مەبەستەش جەختی لە پاکوخاوێنی کەسی، کوتان، خۆراکی گونجاو و گرنگی پاراستنی ژینگەیەکی گەرم و خاوێن لە وەرزی سارددا کردەوە.
قوتابییان بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدارییان لە دانیشتنەکەدا کرد و کۆمەڵێک پرسیار و سەرەنجیان خستەڕوو، دواتریش شۆخان عومەر ڕەسووڵ وەڵامى سەرەنج و پرسیارەکانى قوتابیانى دایەوە.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، کارگێڕی قوتابخانەکە ستایشی شۆخان عومەر ڕەسووڵى کرد بۆ بەشدارییان لە پێشخستنی هۆشیاری تەندروستی گشتی لە نێو قوتابیانى قوتابخانەکەیاندا.






