فێرخوازێکی بەشى پەروەردەى گشتى کاریگەرییەکانی سۆشیاڵ میدیا لەسەر تەندروستی دەروونی بۆ قوتابیانی قوتابخانەی “شۆخ” شیدەکاتەوە
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (٢٤ی شوباتی ٢٠٢٦)، فێرخوازێکى بەشی پەروەردەی گشتی (ELT) لە زانکۆی جیهان–هەولێر، چالاکییەکی زانستی و هۆشیارییان لە قوتابخانەی شۆخ ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ڕۆژان عەلی خدر) بەڕێوەچوو، لە سەرەتادا لەلایەن خاتوو (پەری سابیر حوسێن) بەڕێوەبەری قوتابخانە پێشوازییەکی گەرم لە فێرخوازەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر کرا و، دەستخۆشی لەم دەستپێشخەرییە کرد بۆ ئاگادارکردنەوەی قوتابیان لە مەترسییە تەکنەلۆژییەکان.
پاشان (نوورا عیماد) فێرخوازی قۆناغی چوارەمى بەشى پەروەردەى گشتى ناوەڕۆکى بابەتەکەى بە ناونیشانی “کاریگەرییەکانی سۆشیاڵ میدیا لەسەر تەندروستی دەروونی” پێشکەش بە قوتابیان کر. لەو چوارچێوەیەدا نوورا عیماد بە وردی تیشکی خستە سەر ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی کە بەکارهێنانی زۆری پلاتفۆرمەکانی وەک (TikTok و Instagram) لەسەر ئاستی زانستی و خوێندنی قوتابیان دروستی دەکات، لەوانە بەفیڕۆدانی کات و دواخستنی ئەرکەکان. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئاگادارکردنەوە (Notification) بەردەوامەکان دەبنە هۆی پچڕانی تەرکیز و دروستبوونی “فێربوونی ڕووکەشانە”، کە وا دەکات قوتابی نەتوانێت بە قووڵی لە بابەتە زانستییەکان تێبگەت.
لە بەشێکی دیکەی بابەتەکەیدا، ئەو فێرخوازەى بەشى پەروەدەى گشتى باسى لە ڕەهەندە دەروونی و جەستەییەکان کرد، وەک دروستبوونی دڵەڕاوکێ و کەمبوونەوەی متمانەبەخۆبوون بەهۆی بەراوردکردنی ژیانی ڕاستەقینە بە ژیانە “بێ کەموکوڕییەکان”ی ناو سۆشیاڵ میدیا. هەروەها هۆشداری دایە قوتابیان لە بەکارهێنانی مۆبایل لە درەنگانی شەودا کە دەبێتە هۆی تێکچوونی خەو و ماندوێتی جەستەیی.
لە کۆتاییدا، گفتوگۆیەکی کراوە بەڕێوەچوو و هانی قوتابیان درا کە کاتی بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دیار بکەن بۆ پاراستنی هاوسەنگیی نێوان ژیانی دیجیتاڵی و سەرکەوتنی ئەکادیمی، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش ستایشی ئاستی بەرزی پێشکەشکردن و زانیارییەکانی فێرخواز نوورا عیمادی کرد.







