فێرخوازێکی بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی بابەتێک لەبارەى کارامەییەکانی سەرکەوتن پێشکەش بە قوتابیانى ئامادەیی نەهرەینی کچان دەکات
فێرخوازێکى بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (٢٣ی شوباتی ٢٠٢٦)، چالاکییەکی پەروەردەیی لە ئامادەیی نەهرەینی کچان بەڕێوەبرد.
ئەم چالاکییە بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (عومەر عادل محەمەد عەلی) سەرۆکی بەش بەڕێوەچوو، سەرەتا (سارا سەڵاح) فێرخوازی قۆناغی یەکەم لەلایەن خاتوو (جۆزێفین ئیستیفان مەنسوور) بەڕێوەبەری قوتابخانە، پێشوازییەکی گەرمى لێکرا، پاشان لە میانی سیمینارەکەدا، فێرخواز سارا سەڵاح تیشکی خستە سەر گرنگیی خوێندن لە ژیانی قوتابیان و ڕۆڵی سەرەکیی زانست لە بونیادنانی پاشەڕۆژێکی باشتردا. بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژەى بە چەندین تەوەرەی گرنگ کرد وەک: بەڕێوەبردنی کات بە شێوەیەکی کاریگەر، دیاریکردنی ئامانجی ڕوون، بەهێزکردنی متمانەبەخۆبوون و چۆنیەتی تێپەڕاندنی ئاستەنگە زانستییەکانی بۆ قوتابیان شیکردەوە. هەروەها ڕوونی کردەوە کە پرۆسەی فێربوون تەنها لە بەدەستهێنانی نمرەی بەرزدا کورت نابێتەوە، بەڵکو ئامانج لێی دروستکردنی کەسایەتییەکی هاوسەنگە کە بتوانێت بە شێوەیەکی ئەرێنی خزمەت بە کۆمەڵگە بکات.
سیمینارەکە بە شێوەیەکی کارلێکەر بەڕێوەچوو، کە تێیدا قوتابیان بە پەرۆشییەوە ڕا و سەرنجی خۆیان دەربارەی ئەزموونی خوێندن و پلانی داهاتوویان ئاڵوگۆڕ کرد. لە کۆتایی چالاکییەکەدا، خاتوو جۆزێفین ئیستیفان مەنسوور سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆکایەتی بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی و فێرخواز سارا سەڵاح کرد بۆ ئەم دەستپێشخەرییە بەنرخە.







