فێرخوازێکی بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس لە پەیمانگەی NTI باسی لە نەخۆشی شەکرە كرد
ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی (3/12/2025) فێرخواز (ناز ئەحمەد) لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر، لە پەیمانگەی NTI بابەتێكی بە ناونیشانی “نەخۆشی شەکرە” (Diabetes Mellitus) پێشکەش کرد.
سەرەتا فێرخوازەکە لەلایەن مامۆستا (ئاریان کامەران)، بەڕێوەبەری پەیمانگەکە بە گەرمی پێشوازی لێکرا، لە وتەیەكدا بە گرنگیەوە باسی لە هەماهەنگی نێوان پەیمانگەی NTI و زانکۆی جیهان-هەولێری کرد، پاشان فێرخوازەكەی زانكۆی جیهان-هەولێر ناوەڕۆكی بابەتەكەی پێشكەش كرد و، تێیدا پێناسەی نەخۆشییەکە و پۆڵێنکردنە سەرەکییەکانی كرد، بەتایبەت ئاماژەی بە جیاوازی نێوان جۆری یەکەم و دووەمی شەکرە كرد، هاوكات باسی لە تێکچوونە مێتابۆلیزمەکان کرد کە پەیوەستن بە بەرزبوونەوەی شەکری خوێن، هەروەها ڕۆڵی بەرگریی ئەنسۆلین و لاوازیی دەردانی ئەنسۆلین لە گەشەسەندنی نەخۆشییەکەدا شیکردەوە، دواتریش ئاماژەی بە گرنگترین هۆکارە مەترسیدارەکان کرد وەک قەڵەوی، کەمی جوڵەی جەستەیی، خواردنی ناتەندروست و هۆکاری بۆماوەیی.
لە تەوەرێکی دیکەی باسەكەیدا، ناز ئەحمەد) فێرخوازی بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس تیشکی خستە سەر لێکەوتە مەترسیدار و درێژخایەنەکانی نەخۆشی شەکرە لەسەر چاو، دەمارەکان، گورچیلە، دڵ و ملولەکانی خوێن، بۆ ئەوەش جەخت لەسەر گرنگیی پشکنینی پێشوەختە و کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکر کرایەوە بۆ خۆپاراستن لەم لێکەوتانە. بەشێکی سەرەکی سیمینارەکە تەرخانکرا بۆ “خۆراكی چارەسەری”، کە تێیدا بنەماکانی دانانی بەرنامەی خۆراکیی هاوسەنگ، کۆنترۆڵکردنی بڕی کاربۆهیدرات، ڕەچاوکردنی پێوەرەکانی “گلاسیامیك ئیندێکس”، لەگەڵ ڕۆڵی دابەزاندنی کێش و وەرزش لە باشترکردنی هەستیاریی ئەنسۆلین ڕوونکردەوە.
لە کۆتاییدا ئەو فێرخوازەی زانكۆی جیهان-هەولێر جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگی پسپۆڕانی خۆراكناسی لە هۆشیارکردنەوەی نەخۆش و دانانی پلانی خۆراکیی تایبەت كردەوە. چالاكیەكە بە گفتوگۆیەكی کراوە کۆتایی هات، کە تێیدا ئامادەبووان پرسیارەکانیان دەربارەی بەربەستەکانی پابەندبوون بە ڕێجیمی تەندروست ئاڕاستە کرد و بیروڕا دەربارەی باشترین ڕێگەکانی گۆڕینی شێوازی ژیان ئاڵوگۆڕ کرا.






