فێرخوازێکی بەشی ڕاگەیاندن بە سەرکەوتوویی خولێکی لە بواری ژینگەپارێزیدا تەواو دەکات
لە درێژەی بەشدارییە چالاکانەکانیاندا لە بوارە جیاجیاکانی خزمەتکردنی کۆمەڵگە، زێرەڤان تەمۆ، فێرخوازی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرکەوتوویی بەشداری لە خولێکی ڕاهێنانی تایبەتمەنددا کرد.
خولەکە، کە لە ڕێکەوتى (2025/9/13) دەستى پێکرد؛ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو لە شارۆچکەی ئاکرێ بەڕێوەچوو، لەلایەن ڕێکخراوەکانی “وار” و “واردل” بە هاوبەشی لەگەڵ تۆڕی نێودەوڵەتیی “IPEN” بۆ نەهێشتنی ماددە ژەهراوییەکان ڕێکخرابوو. سەرنجی سەرەکیی خولەکە کە بە دروشمی “بوژاندنەوەی پەیوەندیمان لەگەڵ زەوی: گەشتێک بەرەو بەردەوامی” بوو، تێیدا چەندین بابەتی گرنگی وەک پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان، کەمکردنەوەی پیسبوون و پەرەپێدانی بەردەوام و پاراستنى دارا و سەرچاوەکانى ئاو لە ئاکرێ تەوەرى سەرەکى خولەکە بوون و لەلایەن ژمارەیەک مامۆستای پسپۆڕ و ئەکادیمییەوە خرانەڕوو. لەم چالاکییەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوانان و ژینگەدۆستانی ناوچەکە بەشدارییان کرد.
بەشداریکردنی فێرخوازێکی بەشی ڕاگەیاندن لەم جۆرە خولانەدا گرنگییەکی ستراتیژی هەیە، چونکە ڕۆڵی میدیا لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی کەلتووری ژینگەپارێزی کاریگەرییەکی بنەڕەتی هەیە. زانکۆی جیهان-هەولێر هەمیشە هاندەری فێرخوازانی بووە بۆ بەشداریکردن لە چالاکییە زانستی و پراکتیکییەکانی دەرەوەی پڕۆگرامی خوێندن، بەمەبەستی پەرەپێدانی توانا تاکەکەسییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییان لەگەڵ پرسە گرنگەکانی کۆمەڵگەدا.
لە کۆتایی خولەکەدا بڕوانامەی بەشداریکردن و ڕێزلێنان پێشکەش بە زێرەڤان تەمۆ کرا، بەئامانجی سوودوەرگرتن لە ناوەڕۆکی خولەکە و ڕەنگدانەوەی لە کاری میدیایی، جگە لەوەش بایەخدان بە ژینگە و بنیاتنانی داهاتوویەکی سەلامەت و ژینگەیەکی پاکتر بۆ نەوەکانی داهاتوو، هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ پراکتیزەکردنی ئامانجەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان بەردەوام.