لایەنى ئەندازیارى ڕێگەوبان و گواستنەوە و سەرچاوەکانى ئاو، ناونیشانى کۆتا دانیشتنى پێنجەمین کۆنفرانسى ئەندازیارى شارستانى و تەلارسازى بوو
کۆتا دانیشتنى پێنجەمین کۆنفرانسى زانستى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٧/٢/٢٠٢٥) لە هۆڵی (VIP) زانکۆ بەڕێوەچوو، تەرخان کرا بۆ خستنەڕووى توێژینەوەکانى پەیوەست بە ئەندازیاری پێکهاتە، ئەندازیاری گواستنەوە، ڕێگاوبان و، ئەندازیاری سەرچاوە ئاوییەکان.
دانیشتنەکە، بە سەرۆکایەتی پرۆفیسۆر دکتۆر سەعد عیسا سەرسام لە زانکۆی بەغداد و، دکتۆر دیار ناصح قادر لە زانکۆى کەرکوک و، بە ئامادەبوونى ژمارەیەکی زۆر لە توێژەران و ئەکادیمییەکان بەڕێوەچوو، سەرەتای دانیشتنەکە بە پێشکەشکردنی توێژینەوەیەک لەسەر توانای قیرتاوکردنی بۆ چاککردنەوەی درزەکان بە ناونیشانى (Assessment of the Self-Maintenance Property of Asphalt Concrete Pavement through the Crack Healing Process ) دەستیپێکرد، توێژینەوەکە لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر سەعد عیسا سەرسام لە زانکۆی بەغداد پێشکەشکرا، کە تیایدا تیشکی خستە سەر ڕێگەکان و باشترکردنیان و درێژکردنەوەی تەمەنی کارکردنییان، وەک توێژەر ئاماژەى پێدا پاراستنی شەقام یەکێکە لەو هۆکارە گرنگانەی کە کاریگەری لەسەر کارایی و بەردەوامیی تۆڕەکانی ڕێگاوبان هەیە. ئەم تایبەتمەندییە لەسەر بنەمای توانای مادەی قیرەکە دامەزراوە بۆ چاککردنەوەی درزی بچووک کە لە ئەنجامی فشارە میکانیکی و ژینگەییەکان ڕوودەدەن، وەک گۆڕانی پلەی گەرمی و هاتوچۆی زۆر. دوا بەدواى ئەو توێژینەوەیەکى دیکەى هاوبەش بە ناونیشانى (Influence of Tilting Angle and Reinforcement on the Performance of Tilted RC Beams Using Finite Element Analysis ) لەلایەن توێژەران حەسەن حسێن مەجید و، پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر سەعد خەلەف لە زانکۆی موستەنسرییە خرایە ڕوو، لەو توێژینەوەیەدا باس لە کاریگەری گۆشەی لێوار، جۆر و بڕی بەهێزکردن لەسەر ئەدای تیشکی کۆنکرێتی بەهێزکردنى کرا، ئەوەش بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی شیکاری توخمە سنووردارەکان کە دیمەنێکی وردی هەڵسوکەوتی کەرەستەکان لە ژێر باری جیاوازدا دابین دەکات، لە کۆتایشدا بۆ کۆمەڵێک خاڵ ئەنجامى توێژینەوەکەیان خستەڕوو.
هەر لەو دانیشتنەدا توێژینەوەیەکى هاوبەشى توێژەران دکتۆر مازن عبدالرحمن و، مویسەر جوماع و، دکتۆر عومەر نافعى لە زانکۆى زانکۆی تکریت لەبارەى (The Effect of Stirrups with Different Materials on Torsion Behavior of Reinforced Concrete Beams ) پێشکەش کرا، بۆ ئەو مەبەستەش توێژەران باسیان لە کاریگەری ئەو تیشکانەى کە لە مادەی جیاواز دروستکراون لەسەر کۆنکرێت کرد، هەر لە توێژینەوەکەدا لەسەر بنەمای شیکاری هەڵسوکەوتی تیشکی کۆنکرێتی بەهێزکراوە لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی پراکتیکی و کۆمەڵێک نموونە و داتا بە بەکارهێنانی بەرنامەکانی شیکاری هەڵسەنگاندنى زانستی بۆ کرابوو، هەر لەو چوارچێوەیەدا بەناونیشانى (Comprehensive Review of Bond Strength between GFRP and Concrete) هەریەک لە توێژەران ئەحمەد یەحیا غەیب و دکتۆر موئەیەد محەمەد قاسم لە زانکۆی کەرکوک توێژینەوەکەیان پێشکەش کرد، لە توێژینەوەکەیاندا پێداچوونەوەیەکی زانستیان بە بە هێزی پەیوەندی نێوان کۆنکرێتی بەهێزکراوی ڕیشاڵی شووشەیی ناسراو بە (GFRP) کرد، کە یەکێکە لەو کەرەستە مۆدێرنانەی کە لە بوارى ئەندازیاریدا بەکاردەهێنرێت، بەهۆی سوودە زۆرەکانی لە بوارى بەرگری بەرزی ژەنگ و کێشی سووک.
هەر لەو دانیشتنەدا درێژە بەخستنەرووى کۆتا توێژینەوەکانى پێنجەمین کۆنفرانسى زانستى بوارى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى درا، بۆ ئەو مەبەستەش لە بوارى کۆنکرێتی کارایی زۆر بەرز (UHPC) توێژینەوەیەکى هاوبەشى توێژەران دکتۆر محەمەد خەیر الله ئەحمەد و دکتۆر موهەند ناتق لە زانکۆی تکریت بەناونیشانى (Evaluation of the bond strength between the old concrete and the high-performance concrete (UHPC)used in the treatment by slant shear testing) پێشکەش کرا، کە تیایدا هەڵسەنگاندنیان بۆ هێزی پەیوەندی نێوان کۆنکرێتی کۆن و کۆنکرێتی کارایی زۆر بەرز (UHPC) کردبوو، توێژینەوەکە لەسەر بنەمای ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی تاقیگەیی لەسەر نمونەی کۆنکرێت ئامادە کرابوو، لە توێژینەوەیەکى دیکەدا کە بەناونیشانى (The Impact of Technology, Cost, Time, and Stakeholders on Construction Project Management Performance in Iraq) بەهاوبەشى لەلایەن حەمزە یاسین فالح لە زانکۆى تەکنەلۆجى مالیزى و، هەرەیەک لە موسلیم نەجیب زێدان و مامۆستاى یاریدەدەر ئەزوەر قاسم ئاغا لە زانکۆى جیهان-هەولێر ئامادەکرابوو، باسى لە کاریگەری تەکنەلۆجیا، تێچوون، کات، و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەدای بەڕێوەبردنی پڕۆژەی بیناسازی لە عێراق دەکرد، بۆ ئەو مەبەستەش توێژەران بە خستنەڕووى کۆمەڵێک نمونەى زیندو توێژینەوەکەیان دەوڵەمەند کرد و، لایەنە جیاوازەکانیان تاوتوێ کردبوو.
لە کۆتاییدا؛ دوو توێژینەوەى دیکە لەلایەن توێژەرانەوە پێشکەشکران، توێژینەوەى یەکەم بە ناونیشانى (Monitoring the deformation of earth-reinforced gypseous embankment model) لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر سەعد سەرسام لە زانکۆى بەغداد پێشکەش کرا، لە کۆتایشدا توێژینەوەیەکى ئەسما عەبدولجەبار جەمال لە بەشی ئەندازیاری شارستانی کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سامەڕا بە ناونیشانى (Using Karpenko’s model to predict reinforcing steel’s stress-strain curve and comparing it to approved models Track Structural Engineering & Building Materials) پێشکەش کرا.
دانیشتنەکە بە گەیشتن بە گەڵاڵەکردنى کۆمەڵێک پێشنیازی گرنگ کۆتایی هات، پێشنیازەکان جەختیان لەسەر پێویستی تەکنەلۆژیای مۆدێرن لە بواری ئەندازیاری شارستانی بۆ باشترکردنی کارایی پڕۆژەکان و کەمکردنەوەی تێچووی چاککردنەوە کردەوە، بۆ ئەو مەبەستەش توێژەرانى ئامادەبوو لە میانەى خستنەڕووى بۆچونەکانیاندا ئاماژەیان بە کۆمەڵێک خاڵى پراکتیکى کرد بۆ جێبەجێکردنى پێشنیاز و ئەنجامەکانى توێژینەوەکان.