لە ئاڵمانیا فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر مۆزەخانەیەکى تایبەت بە ئێسکەپەیکەرى مرۆڤ بەسەردەکاتەوە
هاجەر کەنعان قۆناغى سێیەمى بەشى چارەسەرى سروشتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر ، لە ماوەى مانەوەى لە ئاڵمانیا، لە شارى بەرلین بەسەردانێکى زانستى مۆزەخانەى جیهانى تایبەت بە ئێسکەپەیکەرى مرۆڤى بەسەرکردەوە.
ئەو مۆزەخانەیە، کە لە ساڵى (2015)ەوە لەلایەن هەریەک لە دکتۆر ئەنجلینا وایلی و دکتۆر گونتەر ڤۆن هاگنس کراوەتەوە بەیەکێک لە مۆزەخانە تایبەتەکان لەسەر ئاستى جیهان ناسراوە، کە تەنها گرنگی بە جەستەی مرۆڤ دەدات، هەربۆیە مۆزەخانەکە بۆتە وێستگەیەک بۆ هۆشیارکردنەوەى سەردانیکەران بۆ ئاگاداربوون لەو پڕۆسانەى کە ڕۆژانە لە جەستەى مرۆڤ ڕودەدەن، هەر لەکاتی وەستان تا جوڵە و هەناسەدان و کردارەکانى مێشک و، ئەو نەخۆشیانەی کاریگەرییان لەسەر مێشک هەیە وەک نەخۆشی ئەلزەهایمەر، بۆ هەریەک لەوانەش ڕوونکردنەوەی ورد و زانستى لە بارەى هەموو ئەم پرۆسانە بە زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی دانراوە.
ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر دەڵێ: کاتێک بەشەکانى مۆزەخانەکە بەسەردەکەیتەوە بەشێوەیەکى کردارى جۆرى بیرکردنەوە و ڕەفتارت بەرانبەر بە کردارەکانى مرۆڤ بەشێوەیەکى جیاواز دەگۆڕێ و هەڵوەستە لەسەر هەموو هەنگاو و کردارەکان دەکەیت، چونکە لە مۆزەخانەی تایبەتە بە ئەناتۆمی مرۆڤ زۆر بەجوانى لایەنەکان ڕونکراوەتەوە، بۆ ئەوەش خۆشحاڵى خۆى پیشاندا، کە لە چوارچێوەى ئەو دەرفەتەى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆى ڕەخساندوە توانى ئەو مۆزەخانە ناوازەیە بەسەر بکاتەوە.