لە بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر باس لە ڕۆڵی ئافرەت لە میدیای نوێ کرا
سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٩/١٠/٢٠٢٥)، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (احمد جمال حمەكریم) سیمینارێکی تایبەتی بە ناونیشانی “ڕۆڵی ئافرەت لە میدیای نوێدا: بەشداریکردن، سەرکەوتن و خۆپاراستن” ڕێكخست.
چالاكییەكە لە هۆڵی ئەكادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان بەڕێوەچوو، خانمە ڕاگەیاندنكار (بێریڤان ئەنوەر خۆشناو) ناوەڕۆكی سیمینارەكەی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر گرنگیی كاری ڕاگەیاندن بۆ ئافرەتان، هەروەها باسی ئەزموونی كاری ڕاگەیاندنی خۆی و چۆنییەتی بڕیاردان بۆ بوون بە ڕاگەیاندنكار كرد. لە سیمینارەكەدا باسی لەو هۆكارە كۆمەڵایەتی و کولتوورییانەش كرد كە ڕێگریی لە ئافرەتان دەکەن بۆ کارکردن لە میدیادا. هەروەها باسی لەو دەرفەتانە كرد كە چۆن پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان دەرگایان بۆ ئافرەتان کردەوە کە بتوانن بەبێ مۆڵەتی دەزگاکان، دەنگی خۆیان بگەیەنن.
لە بەشێکى دیکەى سیمینارەکەیدا، کە ژمارەیەک لە فێرخوازانى کچ لە قۆناغە جیاوازەکانى بەشى ڕاگەیاندن ئامادەیبوون، بێریڤان ئەنوەر خۆشناو جەختی کردەوە کە پێویستە ئافرەتان بزانن چۆن خۆیان بپارێزن لەو كێشە و گرفت و مەترسییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەسەر هێڵی ئینتەرنێت (وەک: هەڕەشە و قسەی نەشیاو)، لەگەڵ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پەیامە خراپ و نەرێنییەكان کە لە كاتی ئەنجامدانی كاری میدیایی لەلایەن دەورووبەرەوە ئاڕاستەیان دەكرێت. فێرخوازان چالاكانە بەشدارییان لە سیمینارەكەدا كرد و پاش گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، هاوكات داوایانكرد بەردەوامیی بدرێت بەو چالاكییانە بە مەبەستی ئاشنابوون و ئاگاداربوونی زیاتر لە دۆخی ئافرەت لەنێو میدیای نوێدا.
لە كۆتایی سیمینارەكەدا، سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن بڕوانامەی سوپاس و پێزانینی بەخشییە (بێریڤان ئەنوەر خۆشناو) و دەستخۆشیی خۆی دەربڕی بۆ پێشكەشكردنی سیمینارەكەی بۆ فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن، هاوكات جەختی لەسەر بەردەوامبوونی چالاکییە هاوشێوەكان کردەوە بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی قوتابیان.