لە زانکۆى جیهان-هەولێر باس لە جەنگی دەروونی و کاریگەرییەکانی لەسەر کاری سیاسی و دیبلۆماسی کرا
رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (28/9/2022)، بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان میوانداری رەفیق نورى حەنا (ئەندامی پێشووی پزیشکانی بێسنوور)ی کرد بۆ پێشکەشکردنى بابەتێک لەبارەى جەنگى دەروونى.
لەو چوارچێوەیەدا و، بەئامادەبوونی پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عەبدولستار كەريم سەعيد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و، دکتۆر گەیلان عومەر عوبەیدوڵڵا سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان و ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایان و فێرخوازانى بەشەکە، لە هۆڵی ڤی ئای پی (رەفیق نورى حەنا) بابەتێکى ناونیشانی (جەنگی دەروونی و کاریگەرییەکانی لەسەر کاری سیاسی و دیبلۆماسی) پێشکەشکرد.
بۆ ئەوەش سەرەتا باسى لەچەمکە جیهانییەکانی مانای شەڕی دەروونی و ڕادەی کاریگەرییەکانی لەسەر بڕیاردان كرد، پاشان تیشکى خستە سەر گرنگى توێژینەوەکردن لەبارەى بارودۆخی دەروونی کۆمەڵگە و دانانى میکانیزمی پشتیوانی دەروونی کۆمەڵایەتی، کە بەهۆیەوە چەندین سوود بەبونیادنانى دەوڵەتى بەهێز دەبێ.
بەشێکى دیکەى بابەتەکەى تەرخانکرد بۆ قسەکردن لەسەر چەند کارامەییەکی تایبەت بە خوێندنەوەی لایەنە دەروونییەکانی بڕیاردەران لە کاتی قەیراندا، لەگەڵ ڕەنگدانەوەی جەنگى دەروونى لەسەر ڕەفتاری سیاسی ناوخۆیی و دەرەکی.