لە پێنجەمین کۆنفرانسی هاوبەشی نێودەوڵەتی زانستە ئەندازیارى تەلارسازی و شارستانی باس دروستکردنى باڵەخانەکان بەپێى ئامانجەکانى پەرەپێدانى ژینگەى بەردەوام کرا
لە دانیشتى یەکەمى پێنجەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى زانکۆی جیهان-هەولێر، کە بە هاوکاری زانکۆی پوترا مالیزیا دەستى بەکارەکانى کردوە، ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٦/٢/٢٠٢٥) کە لە هۆڵی کۆنفڕانس بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە توێژینەوەکانى پەیوەست دروستکردنى باڵەخانەکان بەپێى ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوامى ژینگەیی.
دانیشتنەکە بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر مەحموود ئەحمەد خەیات لە زانکۆی کوردستان-هەولێر لە عێراق شانبەشانی دکتۆر نەغم ئیسماعیل یەحیا لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا پڕۆفیسۆر دکتۆر مەحموود ئەحمەد خیات وتەیەکى پێشکەش کرد و، تیایدا تێڕوانینەکانى سەبارەت بە چۆنیەتى پراکتیزەکردنى تەلارسازی بەردەوام و ڕۆڵى لە گەشەپێدانی شارەکاندا پێشکەش کرد و، تیشکی خستە سەر گرنگی جێبەجێکردنی بیناسازی بەردەوام بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژینگە، هەروەک وەک شارەزایەکی پێشەنگ لەم بوارەدا، جەختی لەسەر پێویستی یەکخستنی بنەماکانی بەردەوامیی لە دیزاینە تەلارسازییە مۆدێرنەکاندا کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی هاوسەنگی ژینگەیی و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر دیمەنی شارەکان.
پاشان توێژەران چەند توێژینەوەیەکیان لەبارەى دۆزینەوەکانیان لەسەر لایەنە گرنگەکانی تەلارسازی ژینگەیی بەردەوام خستەوو، بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا مەیسون ئێم هیلال لە زانکۆی سامەرا باسى لە “سودە تەکنیکەکانی دیزاینی تەلارسازی ژینگەدۆستى لە کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر دیمەنی شارەکان” کرد، لە توێژینەوەکەیدا بەدواداچوونى بۆ چارەسەری دیزاینی داهێنەرانە کرد بوو، بە جۆرێک لەگەڵ دیمەنی شارەکاندا هاوئاهەنگن. هاوکات دکتۆر کازم فارس ئەلعیساوی لە زانکۆی بەغداد لەسەر “بەردەوامی نیشتەجێبوونی گوندنشین لە ئەهەوارەکانى عێراق” پێشکەش کرد، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجامى توێژینەوەکەى لەبارەى ڕێبازە کلاسیکى و سەردەمییەکان و کاریگەرییەکانى لە نیشتەجێکردنی بەردەوام لە ناوچە هەستیارەکانی ئیکۆلۆژی خستەڕوو.
هەر لەو دانیشتنەدا، دکتۆر ڕەحیم زاهیدی لە زانکۆی تاران ناوەڕۆکى توێژینەوەکەى لەبارەى “هەڵسەنگاندنی سووڕی ژیانی بەراوردکاری ژینگەیی بۆ شێوازە جیاوازەکانی دابینکردنی وزە لە باڵەخانەکانى نیشتەجێبوون لە ڕوانگەی دەردانی گازی ژەهراوی” پێشکەشکرد و، بەشێوەیەکى زانستى تیشکى خستە سەر چارەسەری وزەی بەردەوام بۆ ناوچە نیشتەجێبوونەکان. بەدوایدا پڕۆفیسۆر دکتۆر مەزورا عەبدولغەفەر لە UPM، لە مالیزیا، بە توێژینەوەیەک بە ناونیشانى “رێبازەکانی بەڕێوەبردنی پاشماوەی ئابووری بازنەییەکان بۆ بەرزکردنەوەی ژینگەی کۆمەڵگەی ناوخۆیی: بەرزاییەکانی کامیرۆن، مالیزیا” بە نموونە بەشداری دەکات لە دانیشتنەکەدا کرد و، جەخت لەسەر ستراتیژییەکانی بەڕێوەبردنی پاشماوەی بەردەوامەکان کردوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژەى بە کۆمەڵێک ئەنجام و ڕاسپاردەى گرنگ کرد بۆ جێبەجێکردنیان.
لەلایەکى دیکەوە، دکتۆر بیسام ئیحسان ئەلحافیز لە زانکۆی موسڵ توێژینەوەیەکەى لەبارەى “ڕۆڵی ئامرازە پێشکەوتووەکانی ھاوشێوەکردنی کۆمپیوتەر لە بەرزکردنەوەی خۆڕاگری ژینگەیی باڵەخانە مێژوییەکان) پێشکەش کرد، توێژەر لە توێژینەوەکەیدا کۆمەڵێک باڵەخانەى لە شارى موسڵ بە بەکارهێنانی SOLENE-microclimate” وەک نموونەى توێژینەوەکەى وەرگرتبوو، لە کۆتایدا بە گرنیگەوە باسى لە پاراستنی تەلارسازی مێژوویی کرد، ئەوەش لە ڕێگەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە.
دوا بەدواى پێشکەشکردنى توێژینەوەکان، دەرگاى گفتوگۆ بەڕووى بەشداربووان کرایەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەبووان کۆمەڵێک پرسیار و سەرەنجى زانستیان لەسەر ناوەڕۆکى توێژینەوەکان خستەڕوو، کە پەیوەست بوون بە لایەنى تەلارسازى و پەرەپێدانى ژینگەى بەردەوام، بۆ ئەوەش توێژەران بەپێى ناوەڕۆکى توێژینەوەکانیان و ئەنجامى توێژینەوەکانیان وەڵامى ئامادەبوانیان دایەوە.