مامۆستایەکی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی تایبەت بە ستانداردکردنی پەرەپێدانی پیشەسازییە زیرەکەکان لە کۆماری میللى چین دەکات.
مامۆستایەکى زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشداری لە ماوەی نێوان (٢٦ی ئاب تا ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥) لە کۆمارى میللى چین بەشدارى لە کۆڕەبەندێکى نێودەوڵەتى کرد، لە کۆڕەبەندەکەدا جەخت لەسەر هاوکاری لە ستانداردکردنی بەرهەمهێنانی ئامێرە زیرەکەکان بۆ وڵاتانی تازەگەشەکردوو کرایەوە، سەرەڕای بەکارهێنان و پەرەپێدانی زیرەکی دەستکرد.
دکتۆر ئیبراهیم هاشم لە کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر ، هاوڕێ لەگەڵ نوێنەرى ژمارەیەک زانکۆی دیکە بەشدارى لە کۆڕبەندەدا کرد. کۆڕبەندەکە لەلایەن “ئەکادیمیای چینی بۆ زانستەکانی میکانیکی کشتوکاڵی” لە پەکین ڕێکخرابوو، لە چوارچێوەى کۆڕبەندەکەدا مامۆستایان ئامادەی چەندین وانە و خولی ڕاهێنان بوون کە نوێترین تەکنەلۆژیاکانی کۆمارى میللى چین لە بوارەکانی ستانداردکردن، پەرەپێدانی زیرەکی دەستکرد و بنەما پێویستییەکان بۆ هاوکاریکردنی پەرەپێدانە هاوچەرخەکان نمایش کرا.
گەشتە زانستیەکەى ئەو مامۆستایەى زانکۆى جیهان-هەولێر ماوەی چواردە ڕۆژی خایاند، لە ماوەى مانەوەیدا سەردانی سێ شاری گرنگی زانستی و ئابووری چینى کرد، لەوانە: پەکین، پاشان چانگچوون پایتەختی پارێزگای جیلین و لە کۆتاییدا شاری مۆدێرنی شەنگای. لە میانەى سەردانەکەیدا بۆ هەریەک لەو شارانە ئەو مامۆستایەى زانکۆى جیهان-هەولێر ئاشنایى چەندین کارگە و سەنتەری پشکنین و ستانداردکردن بوو، سەرەڕای سەردانیکردنی زانکۆ چینییە بەناوبانگەکانی وەک زانکۆی جیلین، زانکۆی تۆنگجی و زانکۆی کارەبای شەنگای.
ئەم بەشدارییە دکتۆر ئیبراهیم هاشم لە چوارچێوەی پلانى ستراتیژى زانکۆی جیهان-هەولێر دێت بۆ هاوکاریکردنی پەرەپێدانی جیهانی و بەرزکردنەوەی ئاستی ستانداردەکانی کار و خوێندن، بە ئامانجی پەرەپێدانی شارەزایی ناوخۆیی، بەرزکردنەوەی ستانداردە ناوخۆییەکان و کردنەوەی ئاسۆ نوێیەکان بۆ داهاتوو، بە شێوەیەک لەگەڵ ئاراستە جیهانییەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو لە ڕووی زانستی و ئابوورییەوە بگونجێت.