پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ شاندێکى زانکۆى ئەلموستەقبەل تاوتوێى بەڕێوەبردنى کۆنفرانسێکى زانستى هاوبەش دەکات
بەئامانجى جێبەجێکردنى خاڵەکانى ڕێککەوتنامەى لێتێگەیشتنى نێوانیان بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییە زانستیەکانى نێوانیان، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازی لە شاندێکى زانکۆى ئەلموستەقبەل بەسەرۆکایەتى پڕۆفیسۆر دکتۆر مظفر صادق ئەلزوهیرى بەڕێوەبەرى کاروبارى زانستى و ئەکادیمى لە زانکۆى ئەلموستەقبەل کرد.
لە دیدارێکدا، کە ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١٠/١٢/٢٠٢٤)، بە ئامادەبونى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ کاروبارى زانستى بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى نەخشەڕێى جێبەجێکردنى خاڵەکانى ڕێککەوتنامەى نێوانیان کرا، لەو چوارچێوەیەدا سەرەتا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەخێرهێنانى شاندى میوان کرد، پاشان باسى لە هەنگاوەکانى بەڕێوەچوونى کۆنفرانسى هاوبەشى نێوانیان لە بوارەکانى ئەندازیارى کرد، کە بڕیار وایە لە مانگى شوباتى ساڵى داهاتوو بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەش بڕیاردا شاندێکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ئایندەیەکى نزیکدا سەردانى زانکۆى ئەلموستەقبەل بکات، هەروەها گفتوگۆ لەبارەى ڕیزیەندى نێودەوڵەتى زانکۆکان کرا، بۆ ئەوەش بڕیاردا زانیارى و داتاکان لەگەڵ یەکتر ئاڵوگۆڕ بکەن و، سوود لە ئەزمونى یەکتر وەربگرن، هاوکات دروستکردنى تیمى هاوبەش بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى هاوبەش لایەنێکى دیکەى گفتوگۆکانى دیدارەکەى پێکهێنا.
سەرۆکى شاندێکى زانکۆى ئەلموستەقبەل بە گرنیگەوە لە ڕێککەوتنامەکەى ڕوانى، وتیشى بەڕێوەبردنى کۆنفرانسى زانستى هاوبەشى نێوانمان دەببێتە دەروازیەکى گرنگ بۆ پتەوکردنى پەیوەندییەکانیان و جێبەجێکردنى خاڵەکانى دیکەى ڕێککەوتنامەکە.
لە ڕێکەوتى (٥/٦/٢٠٢٤) لە مەراسیمێکدا؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى لەگەڵ پڕۆفیسۆر دکتۆر مظفر صادق ئەلزوهیرى بەڕێوەبەرى کاروبارى زانستى و ئەکادیمى لە زانکۆى ئەلموستەقبەل واژۆ کرد، کە کۆمەڵێک خاڵى گرنگى لە خۆگرتووە لە بوارەکانى ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش، سمینار و وۆرکشۆپ و کۆنفرانسى هاوبەش، سوود وەرگرتنى لە ئەزمونى شارەزایی یەکتر لە بوارە جیاکان، هەروەها ئاڵوگۆڕى مامۆستایان و فێرخوازان و چەندین بابەتى دیکەى گرنگ.