پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە شاندى زانکۆی ئۆکانى تورکیا کرد
بەئامانجى دروستکردنى هەماهەنگى زانستى و سودوەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر، شاندێکى زانکۆى ئۆکان (Okan University) لە وڵاتى تورکیا بەسەرۆکایەتى دکتۆر ئێمرێ ئۆچ سولار (Emre ÜÇSULAR) بەڕێوەبەرى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانى زانکۆکە سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد و، لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەگەرمى پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارێکدا، کە ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١٧/١٢/٢٠٢٤) بەئامادەبونى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان، کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر و پێکهاتە و بەشە زانستیەکان و سیستم و زمانى خوێندنى بۆ شاندى میوان خستەڕوو، ڕونیشیکردەوە دەرچوانى زانکۆکەمان بەهۆى سیستمێکى خوێندنى ئاستبەرزیان تەواو کردوە، بۆیە ئاستى دەرچوانمان بەرزە، هەربۆیە زۆرێک لە دەرچوانمان ئەخوازن خوێندنى باڵا (ماستەر و دکتۆر) لە وڵاتان و زانکۆ پێشکەوتوەکانى وڵاتانى جیهان تەواو بکەن، وتیشى ئەوە دەرفەتێکە تا لەگەڵ زانکۆیەکى وڵاتى تورکیا بگەینە ڕێکەوتن بۆ ئەوەى دەرچوانمان بتوانن لە زانکۆکەتان درێژە بە خوێندنى باڵا بدەن، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ باسى لەو دەسکەوتە زانستیانە کرد، کە لە ماوەى ڕابردودا زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى ناوخۆیی و هەرێمایەتى و نێودەوڵەتى بەدەستیهێناووە بەتایبەت لە وەرگرتنى متمانەى دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان بۆ پرۆگرامەکانى خوێندن و، پێشەنگبوون لە ڕێزبەندییە نێودەوڵەتیەکان لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان و چەندین دەسکەوتى دیکە.
لە بەرانبەردا، شاندى میوان دواى ئەوەى خۆشحاڵى خۆیان بەسەردانەکە نیشاندا، هیوایان خواست ئەم سەردانە ببێتە دەروازیەکى گرنگ بۆ دروستکردنى پردى پەیوەندى زانستى زانکۆکەیان لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر، دواتریش کورتەیەکیان لەبارەى زانکۆى ئۆکان (Okan University) پێشکەش بە سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا، هەردولا ڕێککەوتن و ڕەشنوسێکى لێکتێگەیشتن بەهاوبەشى ئامادە بکەن، تا لە ئایندەیەکى نزیکدا بەڕەسمى ئیمزاى بکەن و، دواتریش بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە و، ببێتە نەخشەڕێى کارە زانستیەکانى نێوانیان بۆ سودوەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر و ئاڵوگۆڕکردنى فێرخوازان و ستافى زانستى و ڕێکخستنى کۆڕ و کۆنفرانسى زانستى و وۆرکشۆپ لە بوارە جیاوازەکان.