پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر گرووپێکی دیکەی فێرخوازانى ڕەوانەى پۆڵەندا کرد
لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و نێودەوڵەتیکردنی خوێندن، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، بۆ تەواوکردنی کۆرسێکی خوێندن؛ گرووپێکی نوێی فێرخوازانی ڕەوانەی پۆڵەندا کرد. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی دیدگا ستراتیژییەکەی زانکۆ دێت بۆ جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی خوێندنی باڵا و ئامادەکردنی فێرخوازان بۆ بازاڕی کاری جیهانی.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆ، ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (22/9/2025) لە دیدارێکدا لەگەڵ فێرخوازان و کەسوکارەکانیان، جەختی لەسەر گرنگی ئەم پرۆژەیە کردەوە و ڕایگەیاند: “زانکۆی جیهان-هەولێر پابەندە بە دابینکردنی ژینگەیەکی ئەکادیمی پێشکەوتوو کە فێرخوازانی بۆ داهاتوویەکی گەش ئامادە بکات. ناردنی فێرخوازانمان بۆ پۆڵەندا بەشێکە لەو سیاسەتەمان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و فەراهەمکردنی دەرفەتی نێودەوڵەتی بۆیان.”
سیستمی بۆلۆنیا و کردنەوەی دەرگاکانی ئەوروپا
سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوەدا کە زانکۆی جیهان-هەولێر پێشەنگ بووە لە عێراقدا لە جێبەجێکردنی سیستمی بۆلۆنیا پرۆسیس، کە دەرگایەکی فراوانی بۆ فێرخوازان کردووەتەوە بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆکانی ئەوروپا بەبێ هیچ گرفتێک، وتیشی: “پێشتر چەندین گرووپی فێرخوازانمان بە سەرکەوتوویی کۆرسى خوێندنیان لە زانکۆکانی پۆڵەندا تەواو کردووە، ئەمەش بەڵگەیەکە لەسەر گونجانی پرۆگرام و سیستمی خوێندنی زانکۆکەمان لەگەڵ ستانداردەکانی یەکێتی ئەوروپا.”
پرۆسەی هەڵبژاردن و ڕاسپاردەکان
ئەم گرووپە نوێیە لە (7) فێرخواز پێکهاتوون کە لە بەشە جیاوازەکانی زانکۆکەدان و لە نێوان زیاتر لە (5600) فێرخوازی زانکۆی جیهان-هەولێردا بە پرۆسەیەکی ورد و لەسەر بنەمای پێوەرە زانستییەکانی زانکۆکە بە هاوکاری زانکۆی وۆچ و زانکۆی وارشۆ لە پۆڵەندا هەڵبژێردراون، ئەوەش شانازییەکى زۆر گەورەیە بۆ دایکان و باوکان، بۆیە گرنگە ئەو متمانەیە بپارێزن.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕووی قسەی لە فێرخوازان کرد و جەختی لەسەر ئەرکیان کردەوە لە نوێنەرایەتیکردنی عێراق، هەرێمی کوردستان، زانکۆی جیهان-هەولێر، و خێزانەکانیان و، ڕایسپاردن کە پابەند بن بە بەها ئەکادیمی و ئەخلاقییەکان و ئەم دەرفەتە زێڕینە بقۆزنەوە بۆ پێشخستنی ئاستی زانستییان، چونکە ئەم ئەزموونە دەرگایەکی فراوانیان بۆ خوێندنی باڵا لە داهاتوودا دەکاتەوە و سوودێکی زۆری لە بوارەکانی پەیوەندی و هۆشیاری گشتیدا پێ دەگەیەنێت. هەروەها سەرۆکی زانکۆ چەندین ڕێنمایی زانستی و ئەخلاقی پێشکەش بە فێرخوازان کرد و داوای لە سەرۆکی بەشە زانستییەکایشن کرد لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ فێرخوازان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان.
لە بەشى کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لە فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر و پێگەى زانستى و ئەکادیمى زانکۆ لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و هەرێمایەتى و عێراقى کرد و، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە بە کردار توانیوانە ئەوە بسلەمێنن کە زانکۆى جیهان-هەولێر زانکۆیەکى نێودەوڵەتیە و خاوەن دیدگا و ستراتیژێکى نێودەوڵەتیە و، لە ماوەى (17) ساڵى ڕابردوودا دەرچوانى زانکۆکە توانیویانە لە زۆربەى زانکۆ نێوددەوڵەتیەکان بڕوانامەى ماستەر و دکتۆر بەدەست بهێنن و ، بەسەرکەوتویی گەڕاوەنەتەوە و ئێستا لە سێکتەر و بوارە جیاوازەکاندا کاردەکەن.
سوپاس و پێزانین
لە کۆتایی دیدارەکەدا، کەسوکاری فێرخوازان سوپاس و پێزانینی خۆیان پێشکەش بە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ و ستافی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ هاوکاری و هەماهەنگییان، هیواشیان خواست ئەم پەیوەندییە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی فێرخوازان بتوانن خوێندنەکەیان بە سەرکەوتوویی لە ژینگەیەکی گونجاودا تەواو بکەن.