پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر: زانکۆى جیهان-هەولێر چرایەکە بۆ پێشخستنی زانست و پەروەردە و خوێندن لە کوردستان و عێراق
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (٢٠/١٠/٢٠٢٥)، زانکۆی جیهان-هەولێر ئاهەنگى خولی پازدەیەمی دەرچووانی بەڕێوەبرد، ئاهەنگەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرى دکتۆر ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، کەس و کاری دەرچووان و، میوانان و مامۆستایان و کارمەندانی زانکۆ و کەسوکارى فێرخوازان بەڕێوەچوو.
بەو بۆنەیەوە؛ لە وتارێکی گرنگدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، پیرۆزبایی گەرمی خۆی ئاراستەی دەرچووان و کەس و کاریان کرد و جەختی لە ڕۆڵی مێژوویی زانکۆکە کردەوە، کە وەک “چرایەک بۆ پێشخستنی زانست و پەروەردە و خوێندن لە کوردستان و عێراقدا” دەدروێشتەوە.
دەستکەوتە گەورەکان: نوێگەری و پێشەنگایەتی
سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوەدا کە زانکۆی جیهان-هەولێر، وەک یەکەمین زانکۆی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە، بەردەوام لە پێشکەوتن و نوێگەریدا بووە. لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥، زانکۆکە چەندین هەنگاوی گرنگی ناوە، بۆ ئەوەش پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند:
- پشتیوانیکردنی فێرخوازان بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات: ناردنی گرووپی فێرخوازان بۆ زانکۆ و ناوەندە زانستییە پێشکەوتووەکان لە دەرەوەی وڵات بۆ بەدەستهێنانی ئەزموون و زانستی نوێ، بەتایبەت لە وڵاتانى ئەوروپا.
- ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان: واژۆکردنی چەندین ڕێککەوتن و یاداشتی لێکگەیشتن لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستییە نێودەوڵەتییەکان، کە کاریگەریی گەورەى لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و دابینکردنی هەلی باشتر بۆ فێرخوازان و مامۆستایان هەبووە.
- پێشەنگایەتی لە ناساندنی بابەتە نوێیەکان: وەک یەکەم زانکۆ لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، بڕیاری دا بە زیادکردنی بابەتی “ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی بەردەوام (SDGs)” و “ژیری دەستکرد (AI)” وەک دوو بابەتی سەربەخۆ و خوێندن لەسەرجەم بەشە زانستییەکاندا. ئەم هەنگاوە ئاراستەی زانکۆمانە بۆ پەرەپێدان و هاوکاریکردنی کۆمەڵگە لەسەر ئاستی جیهانی.
پلەبەندییە نێودەوڵەتییەکان: سەروەرییەک بۆ زانکۆ و نیشتمان
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا بە شانازییەوە ئاماژەی بە دەستکەوتە زانستییەکانی زانکۆکە لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کرد و ووتى:
- لە ڕیزبەندی تایمزی بەریتانی (Interdisciplinary Science Rankings 2025): زانکۆی جیهان-هەولێر پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و دووەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێنا، لە نێوان سەدان زانکۆی جیهانیدا پلەی (251)ی گرت. ئەمە سەلمێنەری پێگەی بەهێزی زانکۆکەیە لەسەر نەخشەی زانستی جیهان.
- هەروەها زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕیزبەندی کلاریڤێت بۆ کاریگەری توێژینەوە (Clarivate InCite): بۆ جاری سێیەم، لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆ تایبەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پلەی یەکەمدا هات. هاوکات لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان لە پلەی سێیەمدا هات. زانکۆکە توانیویەتی (1,076) بەڵگەنامەی لە WoS-indexed و (22,249) سایتەیشن کۆبکاتەوە، کە ئەمەش نیشانەی کاریگەری گەورەی توێژینەوەکانیەتی.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ لەو بۆنەیەدا سوپاسی بێپایانی خۆی ئاراستەی مامۆستایان، کارمەندان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی تایبەت، گرووپی جیهان و سەرۆکی دەستەی ئەمیندارێتی زانکۆکانی جیهان کرد بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانیان.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، سەرۆکی زانکۆى جیهان-هەولێر هیواى خواست حکومەتی هەرێم دەرفەتی کار بۆ تەواوی دەرچووان دەستەبەر بکات تا بتوانن خزمەت بە کۆمەڵگە و نیشتمان بکەن.














