پەیامی پیرۆزبایی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی و ڕۆژی مامۆستایانی کوردستان
بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
مامۆستایانی پایەبەرز و هەڵگرانی چرای زانست و مەعریفە
سڵاوی ڕێز و خۆشەویستیتان لێبێت.
بە بۆنەی یادی پیرۆزی ڕۆژی جیهانی مامۆستایان لە (10/5) و ڕۆژی مامۆستایانی کوردستان لە (10/6)، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی و ڕێزی بێ پایان ئاراستەی سەرجەم مامۆستایانی ماندوونەناس و دڵسۆزی کوردستان و زانکۆى جیهان-هەولێر بەتایبەت دەکەم.
مامۆستایانی خۆشەویست
لەم یادە پیرۆزەدا، جێگەی شانازییە کە ڕۆڵی کارا و بێ وچانی ئێوە لە پرۆسەی خوێندن بەرز ڕابگرین. ئێوە نەک تەنها پەیامى زانست دەگەێنن، بەڵکو پەروەشیاری ڕۆح و فیکر و ئایندەی گەشى نەوەکانمان. بەڵێندەرانی ژیانێکی باشتر و دووربینێکی ڕووناکن بۆ نەوەکانی داهاتوو. ئەم ڕۆڵە بنەڕەتیەى ئێوە لە پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و پێشکەوتوو، بەردی بناغەی هەر نەتەوە و گەلێکی زیندووە.
لە کاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، جەخت لەسەر بەها و دەنگی مامۆستایان دەکاتەوە و داوای وەبەرهێنان لە پیشەکەیان دەکات، ئێمەش لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە پەرۆشەوە پشتگیری لەم دروشمە پیرۆزە دەکەین، چونکە باوەڕمان وایە کە پشتگیرکردن لە ژیان و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ مامۆستایان، کلیلی سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندنە، هەر لەو سۆنگەیەوە زانکۆی جیهان-هەولێر، وەک دامەزراوەیەکی ئەکادیمی، هەمیشە پاڵپشتی مامۆستایانى توێژەرانى کردوە، لەبەرئەوەى مامۆستایان کۆڵەگەیەکى سەرەکى پرۆسەى خوێندن و بەدەستهێنانى پێگەى زانستى و بەرزڕاگرتنى ناو ناوبانگى زانکۆکەمانن.
لەم یادە پڕشکۆیەدا، وێڕای پیرۆزباییمان، جارێکی تر جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکەینەوە کە مامۆستا پێشەنگی گەشە و بەرەوپێشچوونە. ڕۆڵی مامۆستایان لە پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیار و خاوەن مەعریفە و لێهاتویی، گەرەنتییە بۆ داهاتوویەکی ڕۆشن و بەهێز بۆ کۆمەڵگەکەمان.
هەردەم سەرکەوتوو و سەربەرز بن و، چرای زانستتان هەمیشە گەش بێت.
پرۆفیسۆر
دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ
سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر