چوارەمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەدەچێت
بەچاودێرى دکتۆر ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، زانکۆى جیهان-هەولێر چوارەمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان بەڕێوەدەبات.
وا بڕیارە لەکۆتایی ئەم مانگەدا و لە ڕۆژانى (٢٨-٢٩/٣/٢٠٢٢) لە هۆڵى کۆنفرانسەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بەبەشدارى ژمارەیەکى بەرچاو لە ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆى لە بوارى بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان، بۆ جارى چوارەم کۆنفرانسى نێودەوڵەتى بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان بەڕێوەبچێت.
لە میانەى بەڕێوەچوونى کۆنفرانسەکەدا، جگە لە پێشکەشکردنى وتارى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان و کۆمیتەى ئامادەکردنى کۆنفرانس، لە ڕێگەى چەند تەوەرێکەوە توێژەران ناوەڕۆکى توێژینەوەکانیان لە بوارى بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان بخەنەڕو.
بۆ چوارەمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بایۆلۆجى و زانستە تەندروستیەکان چەندین توێژینەوەى ڕەسەن و ئاست بەرز لەلایەن توێژەران لە زانکۆکانى پێشکەوتووەکانى جیهان پێشکەش بە کۆمیتەى باڵاى ئامادەکارى کۆنفرانس کراون، لەهەمان کاتدا لەسەر ئاستى ناوخۆی کوردستان و عێراق چەندین توێژینەوەى بەپێز لەلایەن توێژەران و پزیشکان و پسپۆڕانى بوارە تەندروستیەکان پێشکەشکراون و لەلایەن لێژنەى زانستیەوە، هەڵسەنگاندنى زانستیان بۆ کراوە و، ئەوانەى پەسندکران و لە ماوەى ڕۆژانى کۆنفرانسەکەدا دەخرێنەڕو، بەئامانجى پێشخستنى کەرتى تەندروستى و ئاشنابون بە نوێترین میکانزم و پێشکەوتنى زانستە لە بوارەکەدا.