کۆلێژی پزیشکی ددان وۆرک شۆپێكى لە بارەى هونەری مامەڵەی سەرکەوتوو لە ژیان بەڕێوەبرد
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (٧/٥/٢٠٢٥) کۆلێژی پزیشکی ددانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە هۆڵی کۆنفڕانسەکانی زانکۆ وۆرک شۆپێکی بەناونیشانی “هونەری مامەڵەی سەرکەوتوو لە ژیان” بەڕێوەبرد، لە وۆرکشۆپەدا پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد صابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و، ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ و، کۆمەڵێک لە مامۆستا و فێرخوازان ئامادەیبوون.
لە وۆرکشۆپەکەدا، سەرەتا خاتوو پەریخان احمد کەریم پارێزەر و سەرۆکی رێکخراوی ئارسان بۆ راهێنان و، ڕاوێژکاری سەرۆکی یەکێتی خانمە ڕاهێنەرانی نێودەوڵی وتارێکی لەسەر گرنگی کارامەیی کۆمەڵایەتی بۆ سەرکەوتنی پیشەیی و کەسی پێشکەش کرد، هەروەها پێداچوونەوەی بە تەکنیکە کاریگەرەکانی پەیوەندیکردن و چۆنیەتی دروستکردنی پەیوەندی سەرکەوتوو لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا کرد. پاشان مامۆستاى یاریدەدەر ساوێن تەحسین تەها مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی ددان زانکۆی جیهان-هەولێر، تیشکی خستە سەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگاریی و ململانییەکانی ژیان بە شێوەیەکی ئەرێنی، هەروەها دەستی خستە سەر خۆ پاڵنەر و ستراتیژییەکانی بەڕێوەبردنی سۆزداری بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگی کار و ژیان، دواتریش ئاماژەى بە چۆنێتی کارلێکی سەرکەوتووانە لەگەڵ نەخۆشەکان لە بەشە پزیشکییەکان کرد، بۆ ئەوەش بە گرنگیەوە باسى لە بنیاتنانی تۆڕی ئەکادیمی و پیشەیی بەهێز کرد، بەتایبەت ستراتیژییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ سترێسەکانی ژیان بە بەکارهێنانی شێوازی زانستی و بیرکردنەوە بە خاڵێکى گرنگى بوارەکە هەڵوەستەى لەسەر کرد.
لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، دکتۆر قەیس الجومەیلی ڕاگری کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، سوپاسی وتاربێژانی کرد بۆ هەوڵەکانیان لە پێشکەشکردنی ناوەڕۆکى بابەتەکە و، جەختیشی لە گرنگی بەردەوامیدان بەم جۆرە بۆنە و چالاکیانە کردەوە بۆ پەرەپێدان بە تواناکانی فێرخوازان و بەرزکردنەوەی توانا کەسی و پیشەییەکانیان، لە کۆتایشدا بڕوانامەى ڕێز و سوپاسى پێشکەش بە بەڕێوەبەرانى وۆرکشۆپەکە کرد.