گروپێک لە فێرخوازانى بەشی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و دبلۆماسیەکان سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (12/1/2025) گروپێک لە فێرخوازانى بەشی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و دبلۆماسیەکان لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستییان بۆ پەرلەمانی کوردستانیان کرد.
فێرخوازان لە میانەى سەردانەکەیاندا بەگەرمى لەلایەن دکتۆر یاسین مەحمود ڕاوێژکاری لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازییان لێکرا، لە میانەى دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەى ئەرکى بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی کوردستان کرا، بۆ ئەو مەبەستەش ڕاوێژکاری لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە وردی تیشکى خستەسەر ئەو ئەرکانەی لەلایەن بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەنجامی دەدرێن، هەروەک بە گرنگیەوە باسى لە ڕۆڵی لە کاراکردنی دیپلۆماسی چالاکییەکانی پەرلەمان کرا.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا لە پەڕلەمانى کوردستان، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانی بەشی پرۆتۆکۆڵیان کرد و ،لەلایەن ڕاوێژکاری باڵا عەونی حەمەد عەلی، سەرۆکی بەشی پرۆتۆکۆڵ پێشوازییان لێکرا، پاشان ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەسەر گرنگترین چالاکییەکانی بەشی پرۆتۆکۆڵ و ڕێوڕەسمە پرۆتۆکۆڵیەکانى پەڕلەمانى کوردستان بۆ فێرخوازانى بەشی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و دبلۆماسیەکان باسکرد.
ئەم سەردانە زانستییە بەشێکە لە چالاکیە جۆراوجۆرەکانى بەشی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و دبلۆماسیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ بەرزکردنەوەی ئاستى زانیاری فێرخوازان لەسەر سیستمی کاری پەرلەمانی و ئاشناکردنیان بە ژینگەى کارکردن لە بەشە پەیوەندیدارەکانى پەڕلەمانى کوردستان.