یەکەمین کۆنفرانسى زەکاتى زانستى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٨/١٢/٢٠٢٥) بە ئامادەبوونى عەبدوڵلا مەحمود محەمەد وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و، دکتۆر ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردە و، فەلاح حەسەن سەرۆکى فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحکومیەکان و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانى جیهان و، سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆ و دامەزراوە زانستى و ئەکادیمیەکان و بەرپرسانى حکومى و ئەکادیمى لە زانکۆى جیهان-هەولێر یەکەمین کۆنفرانسى زەکاتى زانستى بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە، بەساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆ دەستى پێکرد، پاشان پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتەى بەخێرهاتنى پێشکەشکرد، لە میانەى وتەکەیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: “مایەی شانازی و خۆشحاڵییەکی بێپایانە کە ئەمڕۆ هەموومان پێکەوە لەم دەرفەتە مێژووییەدا کۆبووینەتەوە، لە یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی دامەزراوەیەکدا کە نموونەیەکی بێوێنەیە نەک تەنها لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکو دەتوانم بڵێم لەسەر ئاستی ناوچەکەشدا هەنگاوێکی پێشەنگ و داهێنەرانەیە. ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ ڕاگەیاندن و بەگەڕخستنی کارەکانی “دامەزراوەی زەکاتی زانستی”، ئەو دامەزراوەیەی کە پردی نێوان زانست و کۆمەڵگە پتەوتر دەکات و چەمکی “زەکات” لە واتایەکی بەرتەسکەوە دەگوازێتەوە بۆ ئاسۆیەکی فراوانی مەعریفی و مرۆیی.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: “هەر پرۆژەیەکی گەورە و ستراتیژی، سەرەتا لە بیرۆکەیەکەوە دەست پێ دەکات، بیرۆکەیەک کە هەڵقوڵاوی هەستی بەرپرسیارێتی و خەمخۆرییە بۆ نیشتمان. گەڵاڵەکردنی بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم دەزگایە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی دوو ساڵێک لەمەوبەر، کاتێک لەلایەن برا و هاوڕێی بەڕێزم دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکی دەستەی ئەمینداریەتی زانکۆکانی جیهان پێشنیاز کرا. هەر لە سەرەتاشەوە ئەم بیرۆکەیە بە گەرمی پێشوازی لێکرا و بووە جێگەی سەرنجی هەموومان. لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، بە هەوڵ و هیمەتی هەموو لایەک، کار لەسەر دەوڵەمەندکردنی لایەنەکانی کراوە و ژێرخانێکی پتەوی بۆ دانراوە تاوەکو بتوانێت بە شێوەیەکی دامەزراوەیی و درێژخایەن ئامانجەکانی بپێکێت”. وتیشى : “لە کەلتووری ئایینی و کۆمەڵایەتی ئێمەدا، هەمیشە ئاشنای “زەکاتی ماڵی” بووین وەک ئەرکێکی پیرۆز بۆ هاوکاریکردنی کەم دەرامەتان، بەڵام ئەمڕۆ لە زانکۆی جیهان چەمکێکی نوێ و پێویست دەخرێتەڕوو، کە ئەویش “زەکاتی زانستی”یە. لێرەوە ئێمە باوەڕمان وایە کە ئەو سەرمایە مرۆیی و زانستییەی لەبەردەستماندایە، دەبێت ببێتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ تەواوی کۆمەڵگە”.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە دەزگاى زانست تەنها بە دروشم کار ناکات، بەڵکو خاوەنی سەرمایەیەکی مرۆیی گەورە. بۆ ئەوەش وتى: “ئەمڕۆ لە دامەزراوەکانی جیهان، زیاتر لە ٦٠٠ کادیری زانستی و ئەکادیمی و پسپۆڕمان لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە. ئەم ژمارەیە کەرەستەیەکی زۆر گرنگ و کاریگەرە بۆ ئەوەی کارەکانی ئەم دەزگایە بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێت. ئەم سوپایە لە زانایان و توێژەران، ئامادەن زانست و ئەزموونی خۆیان وەک زەکات و بەخشش پێشکەش بە کۆمەڵگەکەیان بکەن. ڕاستە، لە ڕابردووشدا ستافی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشێوەی جیاواز و تاکەکەسی یان لە ڕێگەی چالاکییە جۆراوجۆرەکانەوە کاریان بۆ بەخشینی زانست و خزمەتکردنی کۆمەڵگە کردووە و درێخییان نەکردووە، بەڵام جیاوازییەکە ئیتر بەشێوەیەکی ڕێکخراوتر، سیستەماتیکتر و کاریگەرتر کارەکان ڕایی دەکەین. ئێمە دەمانەوێت کاری خۆبەخشین لە هەوڵی تاکەکەسییەوە بگۆڕین بۆ کەلتوورێکی دامەزراوەیی.
لە بەشى کۆتایی وتارەکەیدا پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕونیکردەوە، کە فەلسەفەی زانکۆی جیهان تەنها لە چوارچێوەی هۆڵەکانی خوێندن و فێرکردنی فێرخوازان قەتیس نامێنێت، چونکە ئەرکی زانکۆی مۆدێرن لە سەدەی بیست و یەکدا تەنها پێگەیاندنی دەرچووان نییە، بەڵکو “بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی” کۆڵەکەیەکی سەرەکییە. دامەزراوەی زەکاتی زانستی ئامانجییەتی خزمەت بە کۆمەڵگە بکات لە سەرجەم بوارەکاندا؛ لە پزیشکی و ئەندازیارییەوە تا دەگاتە زانستە مرۆیی و یاساییەکان، بۆ ئەوەش ڕاگەیاند: ئەم دەزگای زەکات کار دەکات بۆ:
- هاوکاریکردنی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بۆ ئەوەی پەرە بە تواناکانیان بدەن.
- ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئەوەی گەنجان کار و پیشەی جیاواز بدۆزنەوە لە ڕێگەی ڕاهێنانی پیشەیی و زانستی.
- دەستگیرۆیی کردنی ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە کۆمەک و ڕاوێژی زانستی و یاسایی و تەندروستی هەیە بەبێ بەرامبەر.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، سوپاسی بێ پایانى ئاراستەی سەرجەم ئامادەکارانی ئەم کۆنفرانسە و ئەندامانی دامەزراوەی زەکاتی زانستی کرد. وتیشى بەرهەمی ئەم کۆنفرانسە و کارەکانی داهاتووی ئەم دەزگایە، ئاسەوارێکی گەورە و ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگەی کوردستانی بەجێ دەهێڵێت.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانى جیهان لە وتارێکدا دواى بەخێرهێنانى میوانان بە گرنگیەوە باسى لە زەکاتى زانست و دامەزراوەکە کرد و ڕونى کردەوە، ئەم دامەزراوەیە دیدگایەکى فراوانى هەیە بۆ خزمەتکردنى چین و توێژە جیاوازەکانى کۆمەڵگە، چونکە دامەزراوە زانستیەکانى جیهان خاوەن کۆمەڵێک کەسایەتى زانستى ئاستبەرزە و، هەموان لە بوارە جیاوازەکان دەتوانن خزمەت بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕابردوا توانیمانە بەهەزاران چالاکى جۆراوجۆر لە بوارە جیاوازەکانى پەروەردەیی، کەلتورى، زانستى مرۆیی و خۆبەخشى و ژینگەیی بەڕێوەبەرین، ئامانجیشمان ئەوەیە لە ساڵى داهاتودا چالاکیەکانمان فراوانتر بکەین و خزمەت و کارى خۆبەخشى و مرۆیی زیاتر ئەنجام بدەین، لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ کار و پەیڕەو ڕینمایی و نەخشەڕێى کارى داهاتووى دامەزراوەى زەکاتى زانست بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژەى بە کۆمەڵێک خاڵ و بنەماى گرنگ کرد.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا، دکتۆر بەشیر حەداد کەسایەتى ئاینى و، جوینگ جونگ (Junyoung Jong) سەرۆکى ئاژانسى کۆیکا لە هەرێمى کوردستان بە پێشکەشکردنى دوو وتارى جیا بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد، لە وتەکانیاندا بە گرنگیەوە باسیان لە کار و ئامانج و چالاکیەکانى دامەزراوەى زەکاتى زانستى کرد.
دواتریش بەرنامەى کارى کۆنفرانسەکە دەستى پێکرد، بۆ ئەو مەبەستەش دەزگا و دامەزراوەکانى جیهان ڕاپۆرتى کار و چالاکیەکانیان لە ماوەى یەک ساڵى ڕابردوو پێشکەش کرد، کە لە بوارە جیاوازەکانى زانستى و مرۆیی و کۆمەڵایەتى پێشکەشى چین و توێژە جیاوازەکانى کۆمەڵگەیان کردوە.
بەشێکى دیکەى کۆنفرانسەکە تەرخانکرا بۆ خستنەڕوو و پێشکەشکردنى بەندەکانى پەیڕوى ناوخۆی دەزگاى زەکاتى زانست، کە کۆمەڵێک بەندى جۆراوجۆرى لە خۆگرتبوو، وەک نەخشەڕێیەک بۆ چۆنیەتى باشتر ڕاپەڕاندنى کارەکانى دامەزراوەکە لە ناو کۆمەڵگە. دواتریش پلانى ساڵى داهاتووى دامەزراوەکە خرایەڕوو.
لە بەشى کۆتایی مەراسیمەکەدا، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانى جیهان خەڵاتى ڕێزلێنانى پێشکەش بە دامەزراوە جیاوازەکان جیهانى لە سەرۆکایەتى زانکۆ و ڕاگرى پەیمانگە و بەڕێوەبەرى قوتابخانەکانى سەر بە گروپى جیهان کرد، کە لە ماوەى ساڵى ڕابردوو چالاکانە لەبەر ڕۆشنایی پلانى دەمەزراوەى زەکات بۆ زانست خزمەتى چین و توێژ و پێکهاتە جیاوازەکانیان لە بوارى زانستى و مرۆیی و کۆمەڵایەتى و…هتد کردوە.













