ئاهەنگی دەرچوونی زانكۆی جیهان – هەولێر بۆ ساڵی 2016-2017
لە ژێر چاودێری بەڕێز دكتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ، ئەمڕۆ شەممە 30 /3 /2019 كەرنەڤاڵی دەرچوونی زانكۆی جیهان – هەولێر بۆ ساڵی 2016-2017 بە ئامادەبوونی نوێنەری بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و سەرۆك و راگری چەندین زانكۆ و دەیان مامۆستای زانكۆیی و كەسایەتی ناسراو بەڕێوە چوو .
كەرنەڤالەكە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز لە لایەن بەرێز (د. عبد الستار كریم سعید ) و خولەكێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدە سەربەرزەكانمان دەستی بەكارەكانی كرد ، پاشان ئەم بەڕێزانەی خوارەوە ووتەكانی خۆیان پێشكەش بە ئامادەبووان كرد :
1- ووتەی بەخێر هاتن لەلایەن پ . ی . د. امجد صابر دەلۆ سەرۆكی زانكۆی جیهان – هەولێر كە ئەمە دەقی ووتەكەی بەڕێزیان بوو :
بەرێز نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ..
بەرێزان كاربەدەستانی حوكومی و لایەنە سیاسیەكان ..
دەرچووە ئازیز و خانەوادە بەرێزەكانیان ..
سەرجەم میوانە قەدرگرانەكان ..
…. ئەم كاتەتان باش ….
پێشەكی دەمەوێت بە ناوی خۆم و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانكۆ و گشت مامۆستایان و كارمەندان و قوتابیان و خوێندكارانی ( زانكۆی جیهان – هەولێر ) ەوە بەخێرهاتنێكی گەرمی ئامادەبووانی ئەم كەرنەڤاڵە زانستیە قەشەنگە بكەم .
ئامادەبووانی خۆشەویست : مایەی سەربەرزی وسەرفرازیە بۆ ئێمە لە مەراسیمی ئاهەنگی دەرچوونی خولی حەوتەمی زانكۆی جیهان – هەولێر ئامادەبین ، كە تێیدا (1543 ) قوتابی و خوێندكار لە (15) پسپۆری جیاوازدا دەردەچن.
پەرۆشی و مكوڕیتان لە بەشداریكردن لەم كەرنەڤاڵە ، نیشانەی رێزگرتن و پێزانینتانە لە ماندوبوون و شەونخونی دەرچووەكان و پشتگیری بەهێزی نەبڕاوەی ئێوەیە لە زانكۆ و دەزگا ئەكادیمی و زانستیەكانی كوردستان .
دەرچووانی خولی حەوتەمی زانكوی جیهان – هەولێر : بەو پەڕی سەربڵندی و شانازیەوە پیرۆزبایی گەرمتان ئاراستە دەكەم و ئومێدەوارم هەموو توانا هزری و مەعریفیەكانتان بخەنە گەڕ و خزمەتی میللەتەكەمان ، میللەتی كوردی پێبكەن ، ئەو میللەتەی كە ساڵانێكی درێژە قوربانی دەدات تا نەوەی قەڵەم بەدەست و شارەزا و خاوەن مەعریفەی زانستی گەورەی وەك ئێوە پێبگات و گشت لایەك ئەو رۆژە بە چاوی خۆی ببینێت كە قوتابیانمان لە ژێر ئاڵای شەكاوەی كوردستان ئاهەنگی دەرچوونتان بگێرین . پێرۆزبێت لێتان ساتەوەختی بەخشینی بروانامەكانتان ، پیرۆزبێت لە كەس و كارە بەرێزەكانتان ، دەستخۆشی لە مامۆستاكانتان دەكەین و هەوڵ و ماندووبوونیان بەرز دەنرخێنین ، كە بە هەوڵ و ماندووبوونی ئەوانە ئەمرۆ كۆمەڵێك توانای تری گەنج پێشكەشی كۆمەڵگاكەمان دەكرێت ، هیوامان بە توانای ئەم گەنجانە زۆرە كە ببنە ئامرازی خزمەت و چاكسازی و پێشمەرگەی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان ، ئێوە سومبولی ئومێد و نەوەكانی دوا رۆژی میلەتەكەمانن ، ئومێدی سەركەوتنتان بۆ دەخوازم .
میوانە ئازیزەكان : زانكۆی جیهان – هەولێر لە ساڵی خوێندنی (2007-2008) وەك یەكەمین زانكۆی ئەهلی لە هەرێمی كوردستان دەست بەكاربووە و خزمەتە زانستیەكانی تا ئەم ساتە وەختە پێشكەش بە كۆمەڵگە دەكات، بە هۆی بیرمەندی وكاركردنی بەردەوام و بێوچانی هەمە لایەنەی سەرۆكایەتی زانكۆ و مامۆستا و كارمەندان و قوتابیانی . زانكۆكەمان لە ساڵی دوانزە هەمی تەمەنی خۆیدا بەردەوامە لە پێشكەشكردنی خزمەتەكانی بەو پەڕی هێز و توانایەوە و خاوەن (197) مامۆستای پسپۆر و شارەزایە ، كە هەڵگری پلەی زانستی جیاواز و جۆراوجۆرن و لە (21) بەشی زانستی وانە ئەلێنەوە ، هەروەها زانكۆكەمان خاوەنی كۆمەڵێك سەنتەری تایبەتە ، كە پەرە بە توانا مرۆییەكانی كۆمەڵگا دەدات و بە هەلێكی باشی دەزانم لێرەدا هەندێكیان بخەمە روو : (سەنتەری جێندەرناسی , سەنتەری توێژینەوە , نوسینگەی راوێژكاری ئەندازیاری , كەریەر سەنتەر , سەنتەری (ICDL) ، سەنتەری رۆشنبیری).
خۆشەویستان : جێگەی خۆیەتی كە سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بكەین بۆ ئەو هەموو هاوكاری و هەماهەنگی و پاڵپشتیكردنە بەردەوامەی دەیكات بۆ زانكۆ تایبەتەكان بە گشتی و زانكۆی جیهان – هەولێر بە تایبەتی .
هەروەها سوپاسی خۆم و زانكۆی جیهان – هەولێر ئاراستەی ( گروپی جیهان ) وەك لایەنی دامەزرێنەری زانكۆ و دەستەی ئەمیندارێتی زانكۆی جیهان دەكەم بۆ ئەو رۆڵە پۆزەتیڤانەی بینیویانە لە پاڵپشتیكردنی بێ سنووری زانكۆكەمان .
لەكۆتاییدا جارێكی تر پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم قوتابیان و خوێندكارانی دەرچووی خولی حەوتەم و خانەوادەكانیان دەكەم و ئومێدەوارم چۆن لەو كاتەی كەقوتابی بوون و بە بەردەوامی هەوڵی بەدەستهێنانی زانست و زانیاریان داوە ، دوای تەواوبوونی خوێندن و لەبواری پراكتیكیدا بەهەمان شێوە بەردەوامبن بۆ خزمەتكردنی خاك ونیشتیمانی خوشەویستمان .
هەر شەكاوە بێت ئاڵای كوردستان ………، نەمری و شكۆمەندی بۆ شەهیدانی كوردستان …
2- ووتەی بەڕێز د. نوزاد یحیی باجگر سەرۆكی دەستەی ئەمیندارانی زانكۆكانی جیهان كە ئەمە دەقی ووتەكەی بەڕێزیان بوو :
بە ناوی خوای گەورەو میهرەبان
ئامادەبووانی بەرێز..
میوانە ئازیزەكان …
دەرچووانی خۆشەویست وخانەوادە بەرێزەكان…
سەرەتا دەمەوێت بە ناوی خۆم و ئەندامانی دەستەی ئەمیندارانی زانكۆكانی جیهان و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانكۆ و هەموو زانكۆی جیهانەوە پڕ بە دڵ بەخێرهاتنێكی گەرمی ئامادەبووانی بەرێزی ئەم كەرنەڤاڵە بكەم , بەشداری ئێوەی خۆشەویست لەم مەراسیمە مایەی بەختەوەری و شانازییە بۆ ئێمە ، كە بە خۆشحاڵیەوە ئەمڕۆ دەبینین چۆن رۆڵەكانی كوردستان لەم زانكۆیە دەردەچن و بەرهەمی زانكۆ پێشانی هەموو دونیا دەدەن ، ئەو زانكۆیەی كە بەردەوام هەوڵ دەدات لە زانكۆ پێشەنگ و پیشكەوتوەكان بێت و لەم ئاستەدا بمێنێتەوە و ، بە بەردەوامی باوەشی خۆی بۆ قوتابیان و توێژەران و مامۆستایان و ئەكادیمیان كردوەتەوە بۆ پێشكەوتنی كۆمەلًَگە بە تایبەتی و ووڵات بە گشتی .. هەردەم بەخێربێن بۆ سەرای ئەكادیمی سەربەرز.
دەرچووانی خولی حەوتەمی زانكۆی جیهان : بە پێویستی دەزانین پیرۆزبایی گەرم لە ئێوەی خۆشەویست و خانەوادە بەڕێزەكانتان بكەین بۆگەیشتنتان بەم ڕۆژە ، دەرچوونی ئێوەی ئازیز و خۆشەویست ، نیشانەی بەردەوام بوونی پرۆسەی خوێندن و بەرەوپێش چوونی ڕەوتی زانست لە هەرێمەكەماندا دەسەلمێنێت.
زانكۆی جیهان – ههولێر چرای مهعریفهت و مهبهستی ئهوانهیه كه چاویان له داهاتوویهكی مسۆگهره . پشت بهخوا ئهم زانكۆیه ههر وهفادار دهبێت به پابهند بوونی بهو بنهما ئهكادیمیه جێگیرهی كه لهسهری بونیات نراوه ، تا ساڵ لهدوای ساڵ و به بهردهوامی گۆڕهپانی كار و كۆمهڵگه پڕ بكات له دهرچوانی زانكۆیی نایاب ، ههم له بواری كار جێگهی شانازی بن ، ههم بۆ كۆمهڵگهكهیان رابهر و سهركردهی لێهاتوو بن..
وەكو دامەزرێنەری زانكۆی جیهان ، بەخێرهاتنێكی گەرمتان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم ..
3- ووتەی بەڕێز ( د. خگاب مصگفی احمد) نوێنەری بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كە ئەمە دەقی ووتەكەی بەڕێزیان بوو :
بەڕێزان سەرۆك و ئەندامانی دەستەی ئەمیندارانی زانكۆی جیهان
بەڕێزان سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی جیهان/هەولێر
بەڕێزان سەرۆكی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان
بەڕێزان لێپرسراوانی حكومی و حزبی
مامۆستایانی بەڕێز
دەرچوانی خولی ئەمساڵی زانكۆی جیهان/هەولێر
خانەوادە و هاوڕێیانی خوێندكاران و قوتابیانی دەرچوو
میوانان و ئامادەبووانی خۆشەویست
ئەم كاتەتان باش
خۆشحاڵین كە ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتی جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حوكومەتی هەرێمی كوردستان، كاك دكتۆر یوسف گۆران ، لە ئاهەنگی دەرچوانی خولی حەوتەمی زانكۆكەتان بۆ ساڵی خوێندنی (2016/2017) لەگەڵتان بەشدار دەبین ، زانكۆكەتان كە زانكۆی دایكە بۆ زانكۆ تایبەتەكان (كە جێگەی پێزانینە بۆ یەكەم جار وەبەرهێنەرێكی نیشتیمانی (گرووپی جیهان) هاوشێوەی وڵاتە پێشكەوتوەكانی دونیا ، سێكتەری خوێندنی باڵای بەرەو كەرتی تایبەت برد ، نەك هەر ئەوەندە ، بەڵكو توانی زانكۆ لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك بكاتەوە) ، هەروەها بە پێویستی دەزانین پیرۆزباییەكی گەرم لە ستافی وانە بێژان و ستافی كارگێڕی و دەرچوان بكەین ، كە خۆی گرتووە لە (1543) خوێندكار/قوتابی هەروەها پیرۆزبایی لە كەس و كاری دەرچوان دەكەین.
ڕاستە ئەمڕۆ دوا ڕۆژی ژیانی ئەكادیمیتانە لە زانكۆ ، بەڵام لە هەمان كاتدا دەستپێكی كاروانی ژیانی پیشەییتانە ، كە ئەمڕۆ هەرێمەكەمان پێویستی زۆری بە كەسانی دەوڵەمەند بە زانستی سەردەم هەیە ، بۆ ئەوەی لە بوارە جۆرا و جۆرەكانی بازاڕی كاری هەرێمی كوردستان خزمەت بكەن، بۆیە بە پێویستی دەزانین سوپاسی زانكۆكەتان بكەین كە توانیان بۆ ئەمساڵیش پۆلێك لە دەرچوان ئامادە بكەن بۆ بازاڕی كاری هەرێمی كوردستان.
دەرچوانی خۆشەویست :
هەروەك ئاشكرایە كە ئێوە هەڵگری زانستن لە كۆمەڵێك بواری گرنگ و پەیوەست بە كاروبارەكانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان ،بۆیە ڕۆڵی ئێوە بایەخی تایبەتی خۆی هەیە لە ناو كۆمەڵی كوردەواری ، چونكە پیشەی داهاتووی هەریەك لە ئێوەی دەرچوو پەیوندی ڕاستەوخۆی بە پایە گرنگەكانی بەڕێوەبردنی وڵاتەكەمانەوە هەیە ، لە ڕووی دارایی و كارگێڕی و یاسا و بەڕێوەبردنی سێكتەرەكانی تەندروسی و زانستی و گەلێك بواری گرینگی دیكەی پەیوەست بە پێشخستنی وڵاتەكەمان ، ئێوە لە ڕێگەی دڵسۆزیتان و پاراستنی بەها و پڕەنسیپە ئەخلاقیەكانی بواری كاركردن لە پیشەی داهاتوتان دەبن بە هۆكارێكی گرینگ بۆ پێشخستنی وڵاتەكەمان ، بۆیە ئومێد دەكەین ڕۆڵی باشتان لەم بارەیەوە هەبێت و لە ڕێگەی ئێوەوە بازاڕی كاری هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت.
ئامادەبوانی بەڕێز
لێرەوە بە دەرفەتی دەزانم تیشك بخەمە سەر هەندێك لە كار و پڕۆژەكانی وەزارەتەكەمان ، كە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجامی داون بە مەبەستی پێشخستنی ئاستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی ، كە لە نێوانیاندا پەرەپێدان و تازە كردنەوەی پڕۆگرامەكانی خوێندنە لە چەندین بواری جیاجیا لە بەشەكان ، بە مەبەسی نزیكبوونەوە لە ستانداردی نێودەوڵەتی و گونجاندنیان لەگەڵا بازاڕی كاری هەرێمی كوردستان ، هەروەها ڕاگەیاندنی پڕۆژەی ڕێزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كە بووە هۆی دروستبوونی كێبڕكێی زانستی لە نێوان زانكۆكان و كاریگەری ڕاستەوخۆی كرد لە بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لە ڕێزبەندی زانكۆكانی نێودەوڵەتی ، خۆشبەختانە هەروەك ئاگادارن لە كاتی ڕاگەیاندنی كۆتا خولی ڕێزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان ، زانكۆكەتان لە گروپی یەكەمی ڕیزبەندیەكە بوو، بەمەش وەزارەتەكەمان ڕێگەی دا كە خوێندنی ماستەر بكەنەوە ، هەروەها بەختیارین كە زانكۆكەتان لە ڕێزبەندی جیهانی (گوگڵا سكولەر سایتەیشن) یەكەمی سەر ئاستی هەرێمی كوردستانە و لەسەر ئاستی عێڕاقیش دووەمن . هیوا خوازین لە سەركەوتنەكانتان بەردەوام بن . هەر لە درێژەی كار و پڕۆژەكانی وەزارەتەكەمان ، جەنابی وەزیر لە ساڵی (2015) سترایژیەتێكی نوێی لە وەزارەتەكەمان ڕاگەیاند ، كە بریتی بوو لە پڕۆژەی (Process Bologna) بۆ ئەمەش بەڕێزیان ڕایانگەیاند كە وەزارەت هانی زانكۆكان دەدات سیستەمی خوێندنی ئێستایان كە لەسەر بنەمای خوێندنی ساڵانە بنیات نراوە و سیستەمێكی كۆنە و بە دەگمەن زانكۆكانی جیهان پەیڕەوی دەكەن ، بیگۆڕن بۆ بۆڵۆنیا پڕۆسێس ، دوای ڕاگەیاندنی ئەم ستراتیژیە نوێیەی وەزارەتەكەمان ، ژمارەیەك لە زانكۆكان و هەندێك لە بەشە جیاجیای زانكۆكان هەنگاوی گرینگیان نا بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆسێسە ، بە جۆرێك هەندێك لە زانكۆكان لە سەرجەم بەشەكانیان پەیڕەوی دەكەن ، وەزارەتەكەمان لە ئێستادا جەخت لەسەر جێبەجێكردنی ئەو سیستەمە دەكات و لە داهاتووشدا پلانی گرینگمان دەبێت بۆ هاندانی زانكۆكان و جێبەجێكردنی ، هەروەها وەزارەتمان نوسراوی فەرمی ئاڕاستەی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كردووە كە پێویستە بۆ ساڵی خوێندنی (2019/2020) پەیڕەوی سیستەمی سیمستەر بكەن لە گشت كۆلێژ و بەشەكان ، بۆ ئەمەش پێشنیار دەكەین كە زانكۆكان بەر لە دەستپێكردنی خوێندنی ساڵی (2019/2020) هەوڵ بدەن بۆ پەیڕەو كردنی بۆڵۆنیا پڕۆسێس كە ڕاستەوخۆ سیستەمی خوێندن دەكات بە سیستەمی سیمستەر ، خۆشبەختانە زانكۆكەتان لە پێشەنگی ئەو زانكۆیانە بوو كە سیستەمی خوێندنیان تێیدا سیمیستەر بوو. لە كۆتایدا دووبارە پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی مامۆستایان و دەرچووان دەكەین ، هەر شاد و سەركەوتوو و سەرفراز بن.
پاشان دەرچووانی زانكۆ سوێندی دەرچوونیان خوارد و دەست كرا بە دابەشكردنی خەڵاتی قوتابیە یەكەمەكانی زانكۆ لەلایەن نوێنەری بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و سەرۆكی دەستەی ئەمینداران و سەرۆكی زانكۆ ، لە كۆتایی مەراسیمی فەرمیی دەرچوون ، ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیان دەستی پێكرد و قوتابیان و خانەوادەكانیان زۆر خۆشحال بوون .