ئەندازیاری گواستنەوە و ڕێگاوبان و سەرچاوەکانی ئاو ناونیشانى چوارەمین دانیشتنى یەکەمین ڕۆژى پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستەکانی ئەندازیارى تەلارسازی شارستانی بوو
لە کۆتا دانیشتنى یەکەمین ڕۆژى بەڕێوەچوونى پێنجەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى زانستەکانى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى، کە لەلایەن زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى زانکۆى پوترا مالیزیا دەستى بەکارەکانى کراوە، ژمارەیەک توێژینەوەیەکى دیکەى ڕەسەن و ئاستبەرز پێشکەشکران.
لەو دانیشتنەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٦/٢/٢٠٢٥) لە هۆڵی ڤی ئای پی بەڕێوەچوو، لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر هەیسەم عەلی لە زانکۆی ئەلقادیسیە، لەگەڵ دکتۆر دیار ناصح قادر لە زانکۆی کەرکوک سەرپەرشتى دەکران، بەهۆیەوە (٧) توێژینەوەى گرنگ لە بوارەکانى ئەندازیاری گواستنەوە و ڕێگاوبان و سەرچاوەکانی ئاو پێشکەشکران، پێش پێشکەشکردنى ناوەڕۆکى توێژینەوەکان پرۆفیسۆر دکتۆر سەعد عیسا سرسم لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی بەغدا وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا بەوردى تیشکى خستەر سەر دوایین پێشهاتەکانی ئەم بوارە ئەندازیارییە گرنگانە، بۆ ئەو مەبەستەش جەختى لە پێویستى ئەو بوارانەى ئەندازیارى وەک بەشێک لە پێکهاتە و دیزاین و بوارى شارستانى وەسفى کرد.
هەر لەو دانیشتنەکەدا، توێژینەوەیەکى هاوبەشى دکتۆر ئەسما عەبدولجەبار جەمیل و دکتۆر زەینەب داود لە زانکۆی تکریت لەبارەى نەخشەکێشانی چڕی-ماوە-فرێکوێنسی بارانبارین لە عێراق وەک ئامرازێک بۆ پلاندانانی بەردەوام پێشکەش کرا، هەر بۆ ئەو مەبەستە پڕۆفیسۆر دکتۆر هەیسەم عەلی ئەلثیری و توێژەر ئەنیس جاسم یوسف لە زانکۆی ئەلقادیسیە لە توێژینەوەیەکى دیکەى هاوبەشدا کە لەو دانیشتنەدا خرایە ڕوو باسیان لە پێشبینیکردنی هەڵسوکەوتی تیشکی کۆنکرێتی سووک بە توخمەکانی NSM GFRP بەهێزکراون بە بەکارهێنانی شێوازی DIC کرد.
هەر دانیشتنى چوارەمى یەکەمین ڕۆژى کۆنفرانسەکەدا توێژینەوەیەکى دیکە لە بواری ئەندازیاری ڕێگاوبان پێشکەشکرا، توێژینەوەکە لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر سەعد عیسا سرسم لە زانکۆی بەغدا ئامادە کرابوو و ، تایبەت بوو بە کاریگەری زیادکراوەکان لەسەر ڕەفتاری ڕیۆلۆجی مادەی قیر بەردەوام، توێژینەوەکە بە گەیشتن بە چەند خاڵێک هەوڵى پەرەپێدانى زانستەکەى بەشێوەیەکى پراکتیکیدا، هەروەها توێژەران دکتۆر دیار ناسح قادر و دکتۆر خامیس نەجم عەبدولحەلیم و توێژەر حەمید ماری لە زانکۆی کەرکوک لە میانەى توێژینەوەکەیاندا تاوتوێى ئەدای پێکهاتەیی و تایبەتمەندییە میکانیکیەکانی کۆنکرێتیان کرد، بەتایبەت ئەوانەى کە تۆزی شووشەی تێدایە وەک جێگرەوەیەک بۆ بەشەکەکانى چیمەنتۆ، لەو بوارەشدا توێژەران دواى هەڵسەنگاندنى داتاکان بەچەند خاڵێک گەیشتبوون کە لە کۆتایی توێژینەوەکەدا ئاماژەیان پێکردبوو.
هەروەک کۆتا توێژینەوەى یەکەمین ڕۆژى کۆنفرانسەکەش تەرخانکرا بۆ خستنەڕووى توێژینەوەیەکى تایبەت لە بواری کۆنکرێتی جیۆپۆلیمردا، کە لەلایەن توێژەران گۆنول عەلی مەردان و دکتۆر مازن بورهان عەبدولڕەحمان لە زانکۆی تکریت ئامادەکرابوو، ئەو توێژەرانەش لە توێژینەوەیەکەیاندا باسیان لە تایبەتمەندییە میکانیکیەکانى کۆنکرێتی جیۆپۆلیمر بەهێزکراو بە ڕیشاڵی پۆڵا لە ژێر پلەی گەرمی ئاسایی و بەرزدا کرد بوو، بۆ ئەو مەبەستەش دواى شیکردنەوەى زانیارییەکان و هەڵسەنگاندنیان بەشێوەیەکى زانستى کۆمەڵێک خاڵیان وەک ئەنجامى کۆتایی توێژینەوەکە پێشکەش کرد.
ئەم دانیشتنەش بە گفتوگۆیەکی گشتی ئامادەبووان و هاوبەشکردنی تێڕوانین و بیرۆکەکان نێوان توێژەران و پسپۆڕانی ئەم بوارەى ئەندازیارى ناوەڕۆکى بابەتەکان زیاتر دەوڵەمەندکران، بەو شێوەیە کۆتایی بە یەکەمین ڕۆژى کۆنفرانسەکە هات.