
بــهشی نیـوتریشـن و دایـەتێتـکس پشکنین بۆ خواردنى چێشتخانەکانى هەولێر دەکات
بۆ ڕاهێنانى فێرخوازان لەسەر چۆنیەتى وەرگرتنى نموونەى خۆراک و ئەنجامدانى پشکنینى زانستى، بــهشی نیـوتریشـن و دایـەتێتـکس خولێکى ڕاهێنانى بۆ فێرخوازانى قۆناغەکانى دووەم و سێیەم ڕێکخست.
ئەو خولە، کە لە چوارچێوەى بابەتى (سەلامەتى خۆراک) و (مایکرۆبایەلۆجى خۆراک) بەسەرپەرشتى (د.قەیس نەجم) بەڕێوەچوو، لەسەرەتا فێرخوازان دابەشى سەر (١٠) گروپ کران، پاشان هەریەک لەو گروپانە بەشێوەیەکى هەرەمەکى (١٠) نموونەیان لە چێشتخانە و کافتریایەکانى هەولێر وەرگرت.
دواى وەرگرتنى نموونەکان، فێرخوازان پشکنینى (زیندەورى پیسى) و (مایکرۆبایلۆجى)یان بۆ هەریەک لە نموونەکان ئەنجامدا.
لە ئەنجامدا دەرکەوت ژمارەیەک میکرۆب و کەڕوو و بەکتریاى قۆڵۆن لە خۆراکەکاندا هەبوو، بەشێوەیەک لە هەندێک لە نموونەکان ڕێژەى ئەو بەکتریایانە زۆربوون، ئەوەش ئاماژەیەکى ڕوونە بۆ گوێنەدان بەچاودێریکردن و پرۆسەکانى ئامادەکردن و پاکوخاوێنى خۆراکەکان.
ئامانجى سەرەکى لەم ڕاهێنانە بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى فێرخوازانە بەتایبەت کاتێک لە تاقیگەکانى پشکنینى گشتى کاردەکەن و، چاودێرى خواردن دەکەن، هەروەک دەبێتە پاڵپشتییەکى گرنگ بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى تەندروستییان بەتایبەت لە چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ خۆراک و بەرهەمە خۆراکییەکان.