بڕوانامەى دەرچوون بەسەر بەشداربووانى وۆرکشۆپى پەرەپێدانى تواناى مامۆستایان دابەشکرا
لە مەراسیمێکدا، کە لە زانکۆى جیهان، بەئامادەبوونى د. نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆكی ئەمیندارییەتی زانكۆكانی جیهان بەڕێوەچوو، بڕوانامەى دەرچوون بەسەر بەشداربووان و خەڵاتى رێزلێنان بەسەر ڕێکخەران و بەڕێوەبەرانى وۆرکشۆپى پەرەپێدان بەتواناى زانستى مامۆستایانى پەروەردە بۆ چۆنیەتى فێربوون و بەکارهێنانى پڕۆگرامەکانى وانەوتنەوە دابەشکرا.
لەو مەراسیمەدا، کە ڕۆژى دووشەممە، ڕێکەوتى (١/٢/٢٠٢١)، کە پ.د.ئەمجەد صابر دلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر و، مامۆستا ئەحمەد گەرمیانى سکرتێرى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان و مامۆستا عەبدول واحید جێگرى سکرتێرى یەکێتى مامۆستایان و ژمارەیەک لە ئەندامانى سکرتاریەت و، مامۆستا دلێر عەبدولڵا بەڕێوەبەرى پەروەردەى ناوەندى هەولێر ڕێکخرابوو، چەند وتەیەک پێشکەشکرا.
لە وتەکاندا باس لە گرنگى و پێویستى کردنەوەى ئەو جۆرە وۆرکشۆپ و خولانە کرایەوە بۆ پاڵپشتیکردن لە وەزارەتى پەروەردە و، درێژەدان بەپڕۆسەى خوێندن لەناوەندەکانى خوێندن، هەروەک لە وتارى سەرۆکایەتى (زانکۆى جیهان-هەولێر)یشدا پاڵپشتى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان بۆ درێژەدان بەو جۆرە خول و وۆرکشۆپانە کرایەوە لەپێناو پێگەیاندنى نەوەیەکى کارا بۆ دوا ڕۆژى کۆمەڵگە.
لە کۆتایى مەراسیمەکەشدا، لەلایەن لێپرسراوانى ئامادەبوو، بڕوانامەى دەرچوون بەسەر بەشداربووانى وۆرکشۆپەکەدا دابەشکرا، لەهەمانکاتدا خەڵات و بڕوانامەى ڕێزلێنان بەسەر ڕێکخەران و ئامادەکاران و مامۆستایانى بەڕێوەبردنى وۆرکشۆپەکەدا دابەشکرا.
وۆرکشۆپى پەرەپێدان بەتواناى زانستى مامۆستایانى پەروەردە بۆ چۆنیەتى فێربوون و بەکارهێنانى پڕۆگرامەکانى وانەوتنەوە، ڕۆژى شەممە، ڕێکەوتى (٣٠/١/٢٠٢١) دەستپێکرد و، بۆ ماوەى سێ ڕۆژ لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕدەوام بوو، کە (٢٧) مامۆستا لە ناوەندێکى خوێندنى شارى هەولێر و دەوروبەرى بەشدارییان تێدا کردوە و، لەلایەن مامۆستایانى بەشى زانستەکانى کۆمپیوتەر ڕۆژانە وانەکان بەشێوازێکى پراکتیکى فێرى مامۆستایان دەکرا بەتایبەت فێربوونى پڕۆگرامەکانى (Zoom, ClassDojo, Moodle)، کە گرنگى خۆیان بۆ پڕۆسەى فێربوون هەیە.