بۆ باشتر ئامادەکردنی فێرخوازان بۆ بازاڕی کار؛ زانکۆی جیهان-هەولێر ڕێککەوتننامەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ دوو دامەزراوەی نێودەوڵەتی واژۆ کرد
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ پەرەپێدانی توانای فێرخوازان و بەستنەوەی خوێندنی ئەکادیمی بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕێککەوتننامەیەکی لێکتێگەیشتنی سێقۆڵی لەگەڵ هەریەک لە دامەزراوەی “Strategy Directives DMCC”ی ئیماراتی و دامەزراوەی “ئیدراک – Edraak” بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی واژۆ کرد.
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی (٩/٢/٢٠٢٦)، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە سەرۆک بەشەکان، پێشوازی لە شاندی میوان کرد کە پێکهاتبوون لە “خەیری نادەر ئەبولجەبین” بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای Strategy Directives و “دەیڤد لازارۆ” نوێنەری دامەزراوەی ئیدراک.
لە دیدارەکەدا، سەرەتا سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر بەخێرهێنانى شاندى میوانى کرد پاشان کورتەیەکی لەبارەی مێژووی زانکۆ و ئەو دەستکەوتە زانستییانە پێشکەش کرد کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەستهاتوون. دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ جەختی لەوە کردەوە کە زانکۆکەیان پابەندە بە پێشکەشکردنی کوالێتییەکی بەرزی خوێندن کە هاوتای ستانداردە جیهانییەکان بێت، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی کارامەیی دەرچووان و ئاسانکاری بۆ چوونە ناو بازاڕی کار.
پاشان نوێنەرى دامەزراوەکان دواى ئەوەى خۆشحاڵى خۆیان بەو دیدارە و پێشوازییە دەربڕى، ئینجا کارنامەى دامەزراوەکانیان بۆ سەرۆکى زانکۆ ڕونکردەوە، بەپێی دەقی ڕێککەوتننامەکە، زانکۆی جیهان-هەولێر پلاتفۆرمی “مەهاراتکۆم – Maharatkom” پەیڕەو دەکات، کە سیستمێکی پێشکەوتووی هەڵسەنگاندنە و تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) و شیکاریی داتا (Data Analytics) بەکاردێنێت بۆ دیاریکردنی ئاستی لێهاتویی فێرخوازان لە ڕووی ڕەفتاری و کارگێڕی و تەکنیکییەوە.
لایەنی دووەم، کە دامەزراوەی “ئیدراک”ە، وەک پلاتفۆرمێکی فێربوونی ئۆنلاین کار دەکات بۆ دابینکردنی خولی ڕاهێنانی تایبەتمەند کە هاوتای ئەو کەلێنە زانستییانە بێت کە سیستمە زیرەکەکە لە فێرخوازاندا دەستنیشانی دەکات. ئەم پرۆسەیە یارمەتی فێرخوازان دەدات کار لەسەر خاڵە لاوازەکانیان بکەن و کارامەییەکانی سەدەی بیستویەک (وەک بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، داهێنان و پەیوەندیکردن) پەرە پێ بدەن.
نوێنەرانی هەردوو دامەزراوەی ئیماراتی و ئوردنی خۆشحاڵی خۆیان بەم هەماهەنگییە دەربڕی و، ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم ڕێککەوتنە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ فێرخوازان تاوەکو پێش دەرچوونیان لە زانکۆ، لە ڕێگەی خولی ئۆنلاین و هەڵسەنگاندنی وردەوە، خۆیان بۆ ژینگەی کار و کێبڕکێی ئابووری ئامادە بکەن.
لەکۆتاییدا، مەراسیمی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکە لە نێوان هەریەک لە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و، خەیری نادەر ئەبولجەبین بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە کۆمپانیای (Strategy Directives DMCC) و دەیڤد بە نوێنەرایەتی “باسیم سەعد” سەرۆکی دەستەی کارگێڕی دامەزراوەی ئیدراک بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی واژۆی کرا، کە تێیدا سێ لایەن پابەندیی خۆیان بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە و ئەنجامدانی کەمپینی هۆشیاری بۆ فێرخوازان دووپات کردەوە، بەو ئامانجەی زانکۆی جیهان-هەولێر ببێتە پێشەنگ لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان.







