بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام؛ زانکۆی جیهان-هەولێر و ئەنجومەنی پارێزگاى هەولێر و ڕێکخراوی “سەنەد” نەخشەڕێى کارى پێکەوەیی تاوتوێ دەکەن
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و جێبەجێکردنی کارنامە نێودەوڵەتییەکان، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٦/١/٢٠٢٦) پێشوازیکرد لە شاندێکی هاوبەشی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەسەرۆکایەتى دکتۆر عەلى ڕەشید سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و، ڕێکخراوی “سەنەد” (SENED) گەشەپێدانی ئابووری بەسەرۆکایەتى سامح ئەلموقدادی، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی فریاگوزاری نێودەوڵەتی لە عێراق و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی “سەند” بۆ پەرەپێدان.
لە دیدارەکەدا، کە بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و سەرۆکی ژمارەیەک لە بەشە زانستییەکان بەڕێوەچوو، گفتوگۆیەکی چڕوپڕ دەربارەی چۆنیەتی جێبەجێکردنی (17) ئامانجەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی بەردەوام (SDGs) و گونجاندنیان لەگەڵ واقیعی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا.
بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، دوای بەخێرهێنانی شاندی میوان، ستراتیژ و کارنامەی زانکۆکەی بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو و
ڕایگەیاند: “زانکۆی جیهان-هەولێر پێشەنگە لەوەی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوامی کردووەتە بەشێک لە پلانی ستراتیژی خۆی. ئێستا ئەم ئامانجانە لە قۆناغی یەکەمی سەرجەم بەشە زانستییەکان وەک پڕۆگرام دەخوێندرێن، هەروەها لە قۆناغەکانی کۆتاییشدا توێژینەوەکانی دەرچوونی فێرخوازان و چالاکییە زانستییەکانی مامۆستایان بە ئاراستەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە ژینگەیی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان چڕکراونەتەوە.”
سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوەش کرد، کە زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: تەنها لە ساڵى ڕابردودا زیاتر لە (200) سیمینار و چالاکی زانستی لە بەشە زانستیەکانى زانکۆ پێشکەشکراون، جەختی لەسەر ئەوەش کردووە، لە زانکۆى جیهان-هەولێر زیاتر کار لە سەر (6) ئامانجی دیاریکراو کە لەگەڵ پێویستییەکانی ئێستای هەرێم دەگونجێن، ئەمەش وای کردووە زانکۆ لە ڕیزبەندییە جیهانییەکاندا (Impact Rankings) پێگەیەکی بەهێز بەدەستبهێنێت.
لەلایەن خۆیەوە، بەڕێز سامەر فەوزی ئەلمقدادی، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی “سەنەد”، خۆشحاڵى خۆى پیشاندا کە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک زانکۆیەکى پێشەنگ هەوڵەکانى بۆ جێبەجێکردنى ئامانجەکانى نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدانى بەردەوام چڕکرۆدتەوە، وتیشى ئەمەش خاڵێکى بەهێزە بۆ ئەوەى ئێمە بتوانین کارى پێکەوەیی بکەین و هەنگاوى جدى و کردارى بەو ئاراستەیە بنێین، وتیشى وەک ئەوەى بۆم دەرکەوتووە ئەولەویەتەکانی پەرەپێدانی بەردەوام لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە لە عێراق دەگۆڕێت.
هاوکات دکتۆر عەلى ڕەشید سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر خۆشحاڵى بەو کارى پێکەوەییە پیشاندا و وتى: زانکۆی جیهان-هەولێر بەهۆی ئەوەى زانکۆیەکى تایبەتە، لە بڕیاردان و کارکردن دورە لە بیرۆکراسی، بۆیە دەتوانێت هاوبەشێکی کاریگەر بێت لە جێبەجێکردنی پڕۆژە مەیدانییەکاندا، هەر لە میانەى وتەکانیدا نمونەى بە کۆمەڵێک کارى مەیدانى نێوان فەرمانگە و دامەزراوەکانى حکومەت هێنایەوە کە دەتوانن پێکەوە کار بکەن و خزمەتى ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوام بکەن.
لە بەشى کۆتایی کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى واژۆکردنی “یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی” هاوبەش کرا ، بە مەبەستی ئەنجامدانی چالاکی هاوبەش کە ڕاستەوخۆ خزمەت بە ئامانجەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانى بەردەوام و، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی دامەزراوەکان بکات.
هەر لە کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى چەندین کارى دیکەیی پێکەوەیی کرا بۆ بەستنەوەی توێژینەوە زانستییەکان بە بازاڕی کار و پێویستییەکانی حکومەت، بە ئامانجی بەدیهێنانی پەرپێدانێکی هەمەلایەنە لە سێکتەرەکانی تەندروستی، پەروەردە، ژینگە و ئابووری و خزمەتکردن بەئامانجەکانى نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدانى بەردەوام، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردەى گرنگ لە نێوانیان گەڵاڵە کرا.







