بۆ تاوتوێکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەکادیمییە و ئەکەلتورییەکان؛ کۆنسڵی گشتی کۆمارى تورکیا لە هەولێر سەردانی زانکۆی جیهان-هەولێر دەکات
بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان و تاوتوێکردنی بوارەکانی هاوکاری لەنێوان دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و تورکیا بوو، ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥) ئێرمان تۆپچوو، کۆنسڵی گشتی کۆمارى کۆماری تورکیا لە هەولێر، سەردانى زانکۆی جیهان-هەولێرى کرد و، لە نزیکەوە ئاشناى ژێرخانى زانکۆکە بوو.
لە میانی سەردانەکەیدا، سەرەتا ئێرمان تۆپچوو لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارێتی زانکۆکانی جیهان کۆبووەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا، کە بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، گفتوگۆیەکی چڕوپڕ لەبارەی دۆخی خوێندنی باڵا و چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا.
پاشان پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ هاوەڵى کۆنسڵی گشتی کۆمارى تورکیا کرد و، لە نزیکەوە ئاشناى بەش و تاقیگە جیاوازەکانی زانکۆ و توانا زانستی و ژێرخانە ئەکادیمییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر بوو، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە هەموو ئاسانکارییەک دەکەن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆکانی تورکیا و دروستکردنی پردی هاوکاریی زیاتر.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیدا ئێرمان تۆپچوو سەردانی سەنتەری کەلتورى و ڕوناکبیرى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد، کە وەک ناوەندێکی ڕۆشنبیری لە زانکۆ کار دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر تاوتویی بوارەکانی هاوکارییان لە سێکتەرەکانی ڕۆشنبیری، هونەری شێوەکاری و ڕێکخستنی پێشانگە و چالاکییە هاوبەشەکان.
واش بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندێکی زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی کۆنسڵگەری گشتی تورکیا لە هەولێر بکەن، بە ئامانجی خستنە بواری جێبەجێکردنی ئەو بابەتانە لە میانەى کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆیان لەسەر کرا، بۆ ئەوەش کۆنسوڵی گشتی تورکیاش بەڵێنیدا هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ ئاسانکاریکردن لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەی بۆ بنیاتنانی هاوکارییەکی بەهێز و درێژخایەن لەنێوان زانکۆی جیهان و زانکۆکانی تورکیا.