بۆ هۆشیارکردنەوەی قوتابیان؛ فێرخوازانی پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ خولێکی فریاگوزاریی سەرەتاییان لە قوتابخانەی (تارگێت) بەڕێوەدەبەن
لە چوارچێوەی چالاکییە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانیدا، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشی پەرستاریی تەندروستیی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە (٨ی شوباتی ٢٠٢٦)، سەردانى قوتابخانەی (تارگێت)ی ئامادەیی ڕێکخست.
شاندی فێرخوازانی زانکۆ لەلایەن (هۆشیار برادۆستی) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە پێشوازییان لێکرا. پاشان فێرخوازان (فاتیمە ئازاد مستەفا) و (لاڤین ڕێبوار عەبدوڵا) ناوەڕۆکى بابەتەکەیان پێشکەش کرد. لە بەشی یەکەمدا، فاتیمە ئازاد تیشکی خستە سەر چەمکە بنەڕەتییەکانی فریاگوزاریی سەرەتایی، لەوانە: هەڵسەنگاندنی باری نەخۆش، دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی شوێنی ڕووداوەکە و ناسینەوەی ئەو حاڵەتە کتوپڕانەی پێویستیان بە دەستێوەردانی خێرایە. هەروەها شێوازی زانستیی مامەڵەکردن لەگەڵ سووتان، برینی سادە، خوێنبەربوون و خوێنبەربوونی لووتی ڕوونکردەوە و چەندین تێگەیشتنی هەڵەی باوی لە ناو کۆمەڵگەدا ڕاستکردەوە.
لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا، لاڤین ڕێبوار باسی لە گرنگیی پرۆسەی بوژاندنەوەی دڵ و سییەکان (CPR) کرد لە کاتی ڕووداوە مەترسیدارەکاندا، بۆ ئەوەش باسى شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتەکانی خنکان، بوورانەوە و لەهۆشخۆچوونی بۆ قوتابیان ڕوونکردەوە. چالاکییەکە بڕگەی پراکتیکیشی لەخۆگرت، کە تێیدا بە شێوەیەکی مەیدانی مەشقی پەستانی سنگ و هەناسەدانی دەستکرد بە قوتابیان کرا، تاوەکو متمانەی تەواویان بەخۆیان هەبێت لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی حاڵەتە کتوپڕەکاندا.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەی تارگێتی ئامادەیی سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی زانکۆی جیهان-هەولێر و فێرخوازانی بەشی پەرستاری تەندروستى کۆمەڵى کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم خولە بەسوودە. ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم جۆرە چالاکییانە کاریگەرییەکی ئەرێنییان لەسەر پاراستنی ژیانی قوتابیان دەبێت.







