بەئامادەبونى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر، وۆرک شۆپێک لەبارەى (دڵ) بەڕێوەچوو
سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکى سکڕدن لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆرکشۆپێکى بەناونیشانى (The Heart: A Unique Universe) لە هۆڵى (VIP)ى زانکۆ بەڕێوەبرد. لەو وۆرکشۆپەدا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٥/١٢/٢٠٢٤) بەئامادەبونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر ئەیاد حازم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و، ژمارەیەک لە سەرۆک بەشە زانستیەکان و مامۆستایان و فێرخوازان بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا چەند وتەیەک بەو بۆنەیەوە پێشکەشکران.
لەو چوارچێوەیەدا دکتۆر موحسین ئەلغازی سەرۆکی بەشی تەکنیکى سڕکردن لە وتارێکدا دواى بەخێرهێنانى میوانان و ئامادەبوان، ئینجا جەختی لەسەر گرنگی وۆرکشۆپەکە کردەوە، کە تیایدا تیشک دەخرێتە سەر نوێترین داهێنان و تەکنەلۆژیای سەردەم لە پێناو باشترکردنی چاودێری تەندروستی بۆ نەخۆشەکانى دڵ، هەروەک باسى لە پێویستى هاوکاری زانستى و ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى کردەوە بۆ بەرەوپێشبردنى بوارى پزیشکى.
پاشان، دکتۆر شوان عوسمان ئەمین، پزیشکی ڕاوێژکاری دڵ و پسپۆڕی نەشتەرگەرى لەبەر ڕۆشنایی بابەتەکە تیشکى خستە سەر لایەنە جیاکانى دڵی مرۆڤ و، باسى لە دوایین پێشهاتە زانستییەکان کرد لەسەر سروشت و کاری کارەبایی دڵ، هەروەها نوێترین داهێنانەکانی توێژینەوە لە بواری نەشتەرگەری دڵ و چارەسەری و دەستنیشانکردن و نەشتەرگەرى بۆ ئامادەبوان باسکرد. لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەزموونی بەرفراوانی خۆی سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی کارکردنی دڵ و نوێترین تەکنەلۆژیا و لێهاتوویی پزیشکی لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنى نەخۆشیەکانى دڵ باسکرد پێشکەشى ئامادەبووان کرد. هەروەها جەختی لە گرنگی خۆپاراستن کردەوە بە پێدانی ئامۆژگاری بە پشتبەستن بە ئەنجامی توێژینەوە زانستیەکان. هەر لە میانەى بەڕێوەچوونى وۆرکشۆپەکەدا، فێرخوازانی بەشی تەکنیکى سڕکردن بەشدارییان لە زنجیرەیەک چالاکیی جۆراوجۆر کرد و، ئاشناى نوێترین پێشهاتەکانی بواری پزیشکی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان کە لە دەستنیشانکردن و چارەسەری نەخۆشییەکانی دڵ بوون.
لە بەشى کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا؛ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر لە میانەى وتەیەکدا دواى ئەوەى سوپاسى دکتۆر شوان عوسمان ئەمینى کرد، ستایشى هەوڵەکانی کرد لە دابینکردنی زانیاری زانستی پێشکەوتوو بۆ فێرخوازان، هەروەک جەختی لەوە کردەوە کە ئەم وۆرکشۆپە نوێنەرایەتی دەرفەتێکی ناوازەی کرد بۆ فێرخوازان و مامۆستایان بۆ کارلێککردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پسپۆڕانی بوارەکە، ئەوە جگە لە ئاشنابوون بە دوایین پێشهاتەکانی بوارەکان لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنى نەخۆشیەکانى دڵ، لە کۆتایشدا پاڵپشتى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و توانا و لێهاتویی فێرخوازان لە بوارە جیاکان دوپاتکردەوە، دواتریش بڕوانامەى ڕێزلێنان و سوپاس و پێزانینى پێشکەش بە دکتۆر شوان عوسمان ئەمین، پزیشکی ڕاوێژکاری دڵ و پسپۆڕی نەشتەرگەرى کرد و، هیواى سەرکەوتن و هەماهەنگى بەردەوامى بۆ خواست.