بەئامادەبوونى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر؛ چالاکیەک بە بۆنەى ڕۆژی جیهانی سڕکردن بەڕێوەچوو
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی سڕکردنەوە، سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکى سڕکردن لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە چالاکیەکى زانستى یادى ئەو ڕۆژەى کردەوە.
لەو چالاکیەدا، کە بە ئامادەبوونى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و سەرۆکى بەشە زانستیەکان و مامۆستایان و فێرخوازان ئامادەیبوون، چەند بابەتێکى زانستى پراکتیکى لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایانى بوارەکە پێشکەش کرا.
چالاکییە زانستیەکە، کە لە هۆڵى (VIP) زانکۆ بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆر دکتۆر هیوا فاتح سابیر، پسپۆڕى بوارى سڕکردن لە نەخۆشخانەی فێرکاری هەولێر، بابەتێکى بە ناونیشانی “سڕکردنی گشتی بەرامبەر سڕکردنی بەشى: سوود و زیانەکان” پێشکەش کرد و، تیایدا تیشکی خستە سەر گرنگیی سڕکردنی سەلامەت و ڕۆڵی گرنگی لە سەرکەوتنی نەشتەرگەریدا پێشکەش کرد، هاوکات ئاماژەى بە بە نوێترین پەرەسەندنەکانی تەکنیکەکانی سڕکردن و پراکتیزە مۆدێرنەکان کرد، لەگەڵ ئەوەشدا تیشکی خستە سەر ئەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی کارمەندانی ئەم بوارە گرنگە دەبنەوە، لەهەمان کاتدا ڕێگەکانی باشترکردنی ئاستی پیشەیی کارمەندان و پسپۆڕانى بوارەکەى تاوتوێ کرد و چەند خاڵێکى لەو بوارە خستەڕوو.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا، دکتۆرە مها محەمەد عەنقوود، ڕاوێژکاری سڕکردن و چاودێری چڕ هەڵگرى بۆردی عێراقی لە سڕکردن و چاودێری چڕ، بابەتێکى بە ناونیشانى (Comfort, Safety, and Speed: How Anesthesia Transforms Day Surgery) پێشکەش کرد، کە تیایدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی سەرەکیی سڕکردنی نوێ لە پەرەپێدانی نەشتەرگەرییەکان و، بەرزکردنەوەی ئاستى ئاسوودەیی نەخۆش، دڵنیابوون لە سەلامەتی و خێراکردنی پرۆسەی چاکبوونەوە، وتیشى ئەم پرۆسەیە ڕۆڵى گرنگى لە باشترکردنی کوالێتیی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و کەمکردنەوەی ماوەی مانەوە لە نەخۆشخانە هەیە.
لە بەشێکى دیکەى بابەتەکەیدا مها محەمەد عەنقوود نوێترین شێوازەکانی دەرمانی و تەکنیکە مۆدێرنەکانی لە سڕکردن لە ماوەى کورتخایەن بۆ ئامادەبووان تاوتوێ کرد، بۆ ئەو مەبەستەش جەختی لەسەر گرنگیی هەڵسەنگاندنی وردی باری تەندروستی نەخۆش پێش نەشتەرگەری و هاوکاریی تەواو لە نێوان تیمی سڕکردن و نەشتەرگەری و پەرستاران کردەوە لە پێناو بەدەستهێنانی باشترین ئەنجامە.







