بەئامادەبوونى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، زانکۆى جیهان-هەولێر پانێڵێکى بۆ دکتۆر عادل باخەوان لەبارەى پرسی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای ٧ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبرد
بەئامادەبوونى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ و، مامۆستایان و فێرخوازانى زانکۆ و میوانان، سەرۆکایەتى بەشى پەیوەندییە نێودەوڵەتى و دبلۆماسییەکان و یاسا لە زانکۆى جیهان-هەولێر پانێڵێکى بەناونیشانى (پرسی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای ٧ی ئۆکتۆبەر) بۆ دکتۆر عادل باخەوان، سەرۆکی پەیمانگەی ئەوروپی بۆ توێژینەوە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا ڕێکخست.
لەو پانێڵەدا، کە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٤/١١/٢٠٢٥، لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆی جیهان – هەولێر بەڕێوەچوو دکتۆر عادل باخەوان دواى ئەوەى سوپاسی زانکۆی جیهان-هەولێری کرد بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى ئەم جۆرە چالاکییە گرنگانە، کە دەرفەتێک دەڕەخسێنن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان، ئینجا بەچەند تەوەڕێک تیشکى خستە سەر ناوەڕۆکى پانێڵەکە و، بۆ ئەو مەبەستەش لە تەوەرى یەکەمى باسەکەیدا تیشکى خستە سەر قۆناغی گۆڕانکارییە خێرا و گشتگیرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرئەنجامەکانی ئەم گۆڕانکارییانە لەسەر پرسی کورد دوای ٧ی ئۆکتۆبەر، بۆ ئەوەش دکتۆر عادل شیکردنەوەیەکی قووڵی سەبارەت بەو دینامیکیەتە نوێیانەی لە ناوچەکەدا سەریان هەڵداوە و، کاریگەرییەکانی ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری لەسەر هاوکێشە سیاسی و جیۆپۆلەتیکییەکان پێشکەش کرد و، ئاماژەی بەوەدا کە چۆن ئەو ڕووداوانە دەتوانن ئایندەی پرسی کورد بە ئاڕاستەی جیاوازدا ببەن.
لە تەوەڕێکى دیکەى باسەکەیدا، سەرۆکی پەیمانگەی ئەوروپی بۆ توێژینەوە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی، کە لە هەوڵدایە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای دیموکراسی، یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ، لەو چوارچێوەیەشدا دکتۆر عادل باخەوان جەختی لەوە کردەوە کە چۆن هێزە گەورەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەیانەوێت نەخشەیەکی نوێ بۆ ناوچەکە بکێشنەوە و، چۆن ئەم هەوڵانە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر دۆخی کورد هەبێت، چونکە پرسی کورد وەک بەشێک لەم داڕشتنەوەیە چاوی لێدەکرێت. هاوکات دکتۆر عادل باخەوان تەوەرێکى دیکەى باسەکەى تەرخان کرد بۆ ڕۆڵی وڵاتانی هەرێمایەتى و کاریگەرییان لەسەر پرسی کورد، بە تایبەتی ڕۆڵی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا، بۆ ئەوەش وردەکارییەکانی سیاسەتی ئەم وڵاتانەی لەسەر کورد خستەڕوو، هاوکات ئاماژەی بەو فشار و تەگەرە و ئاڵنگارییانە کرد، کە لە لایەن ئەو وڵاتانەوە دروست دەکرێن، جگە لەوەش ئاماژەى بەو دەرفەتانەش دا، کە لەوانەیە لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا بۆ کورد بێنە ئاراوە.
هەر لە میانەى ئەو پانێڵەدا، کە لەلایەن دکتۆر عومەر زوبێر، سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتى و دبلۆماسییەکان بەڕێوەدەبرا، دکتۆر عادل باخەوان تیشکى خستە سەر پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ بەغداد لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر، بۆ ئەوەش ڕونیکردەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق هەمیشە یەکێک بووە لە پرسە هەستیار و چارەنووسسازەکان، لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاوی ناوە، چونکە ڕووداوەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر وایان کردووە هەردوو لا زیاتر هەست بە پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی یەکتر بکەن، بە تایبەتی لە ڕووی ئەمنییەوە و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، هەر لەو چوارچێوەیەدا دکتۆر عادل جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای بوونی ئاڵنگارییەکان، هێشتا دەرفەتێکی باش هەیە بۆ بنیاتنانی متمانە و کارکردنی پێکەوەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە، نەوت، ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان و یاسای نەوت و غاز، بە شێوەیەک کە مافەکانی هەردوولا بپارێزرێن و سەقامگیری سیاسی لە وڵاتدا بەرقەرار بێت. ئەم
دیدگایە ئومێدبەخشە، بەو مانایەی کە پەیوەندییەکان دەتوانن لە قۆناغی ململانێ و پێکدادانەوە بەرەو قۆناغی هاوکاری و تێگەیشتنی هاوبەش بڕۆن، بە تایبەتی لە سۆنگەی ئەو گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتیانەی کە کاریگەرییان لەسەر هەموو لایەنەکان هەیە.
لە بەشى کۆتایی پانێڵەکەدا دەرفەت درا بە ئامادەبووان سەرنج و پرسیارەکانیان بخەنەڕوو، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک مامۆستا و فێرخواز پرسیاری جۆراوجۆریان ئاڕاستەی دکتۆر عادل باخەوان کرد، کە تایبەت بوون بە کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکانی ئێران و تورکیا لەسەر داهاتووی کورد، ڕۆڵی ژنان لە پرسی کورد، کاریگەری تەکنۆلۆژیای نوێ لەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەشەنگییە هەرێمییەکان و چەندین بابەتى دیکەى گرنگ، بۆ ئەوەش دکتۆر عادل بە وەڵامی زانستی و ورد وەڵامی سەرجەم سەرەنج و پرسیارەکانى ئامادەبوانى دایەوە.










