بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر چوارەمین خولى پێداگۆجى بۆ مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە کرایەوە
بە ئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، مامۆستا بورهان عەبدوڵڵا، ڕاوێژکار لە وەزارەتى پەروەردە و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانى هەردوو وەزارەتى پەروەردە و کاروبارى کۆمەڵایەتى، مەراسیمى کردنەوەى چوارەمین خولى پێداگۆجى بۆ مامۆستایانى سەر بە وەزارەتى پەروەردە بەڕێوەچوو.
لەو مەراسیمەدا، کە ڕۆژى یەک شەممە، ڕێکەوتى (٢٧/٧/٢٠٢٥) لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەش کرد. لە وتارەکەیدا، وێڕاى بەخێرهێنانى میوانان، جەختى لەسەر پەیوەندى بەهێز و هاوکارى بەردەوامى نێوان زانکۆى جیهان و وەزارەتى پەروەردە کردەوە و ڕایگەیاند: “خوێندنى باڵا و پەروەردە هیچ لە یەکتر جیا نین و ئێمەش خۆمان بە بەشێک لەو پرۆسە گرنگە دەزانین کە پەیوەستە بە پەروەردەکردنى نەوەیەکى نوێوە”، هەروەک ئاماژەى بەوەشدا ئەم هاوکارییە بەرهەمى کارى پێنج ساڵى ڕابردووە و بەردەوامیى هەیە لە نێوان زانکۆى جیهان و وەزارەتى پەروەردەدا، ئەمەش نیشانەى پەیوەندییەکى ستراتیژى و درێژخایەنە، بەڵام سەرۆکى زانکۆ نیگەرانى خۆشى دەربڕى لە ئاستى کەمى ئامادەبوونى مامۆستایان لە خولەکەدا و وتى: “ژمارەیەکى زۆر کەم ئامادەن… ئەمە جێى داخە… پێویستە خاوەن ئیرادە بین.”
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ جەختى لەسەر گرنگى فێربوونى بەردەوام و خۆ نوێکردنەوە کردەوە، بەتایبەت لەم سەردەمەى تەکنەلۆجیادا. وتى: “پێویستیمان بە خول و ڕاهێنانى بەردەوام هەیە بۆئەوەى بتوانین ئاستى خۆمان بەرز بکەینەوە و لەگەڵ ئەم چەرخەدا بگەنجێین”، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکى زانکۆ نموونەى وڵاتانى پێشکەوتووى هێنایەوە وەک سوید کە بڕیارى ڕاگرتنى بەکارهێنانى کۆمپیوتەریان لە قوتابخانە سەرەتاییەکان داوە، هەروەها ئاماژەى بە وڵاتى ئوردن کرد کە زاراوەى “نەخوێندەوارى کۆمپیوتەرى” (الأمية الحاسوبية)یان داهێناوە، بە واتای ئەوەی فێرخوازان ئەوەندە پشتیان بە کۆمپیوتەر بەستووە کە مێشکى خۆیان بەکارناهێنن.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە بەشێکى گرنگى وتارەکەیدا تیشکى خستە سەر کێشە بنەڕەتییەکانى سیستمى خوێندن لە قۆناغەکانى پێش زانکۆ و وتى: “ئێمە لە زانکۆکاندا تووشى کێشەیەک بووینەتەوە، ئەویش ئەوەیە فێرخواز کە دێتە زانکۆ، کەسایەتى فێرخوازى زانکۆیى نییە. چونکە لە قوتابخانەکاندا، سیستمى خوێندنەکە تەنها لەسەر بنەماى پێناسە، هۆکار، خەت بە ژێردا هێنان و لەبەرکردن بنیاد نراوە، ئەمەش وا دەکات فێرخواز توانای بیرکردنەوەى ڕەخنەگرانە و داهێنەرانەى لاواز بێت.”
هەروەها ئاماژەى بەوەشکرد کە زانکۆ ناچار دەبێت کاتێکى زۆر بۆ فێرکردنى ئەو کارامەییە بنەڕەتیانە تەرخان بکات کە دەبوو فێرخواز لە قۆناغى ئامادەییەوە فێرى بووبێت، وەک زمانى ئینگلیزى، کارامەیی کۆمپیوتەر، شێوازى گفتوگۆى ئەکادیمى و بیرکردنەوەى داهێنەرانە. پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕوونیکردەوە: “کەموکوڕییەکە لەوەدایە کە هەموو سیستمەکە لەسەر ئەوە بنیاد نراوە فێرخواز تەنها نمرە بەدەست بهێنێت، نەک کەسایەتییەکى سەربەخۆى بۆ دروست بکرێت.”
لەکۆتاییدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕۆڵى مامۆستایانى بە “کلیل و چارەنوسى پێشکەوتنى وڵات” وەسف کرد و داواى لێکردن کە ببنە ڕێنیشاندەرى فێرخوازەکانیان بۆ هەڵبژاردنى ئەو پسپۆڕییەى کە ئارەزووى دەکەن، نەک تەنها بەپێى نمرەکانیان ئاراستە بکرێن، چونکە بەم شێوەیە دەتوانرێت کادری سەرکەوتوو و داهێنەر بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگە پێبگەیەندرێت، هەروەک ئامادەیی زانکۆى جیهانى نیشاندا بۆ فراوانکردنى هاوکارییەکان و کردنەوەى خولى تایبەت بۆ مامۆستایانى وەزارەتى کاروبارى کۆمەڵایەتى، بەتایبەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.
دواتر لەلایەن مامۆستا بورهان عەبدوڵڵا، ڕاوێژکارى وەزارەتى پەروەردە وتارێک پێشکەش کرا و تیایدا سوپاسى زانکۆى جیهانى کرد بۆ ئەم هەنگاوە و ئاماژەى بە گرنگى ئەم خولانە کرد بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و پیشەیی مامۆستایان، هەروەها ستایشى ئەو ماددە زانستییە دەوڵەمەندەى کرد، کە لەلایەن زانکۆوە بۆ خولەکە ئامادە کراو، هەر لە میانەى وتارەکەیدا ڕاوێژکارى وەزارەتى پەروەردە پێداگۆجى بە “زانست و هونەر” وەسف کرد. وتیشى زانستە چونکە کۆمەڵێک بنەماى هەیە، هونەریشە چونکە مامۆستاى بەتوانا دەتوانێت جوانکارى تێدا بکات و بە شێوازى جیاواز پەیامەکەى بگەیەنێت.
ئەمە چوارەمین خولى پێداگۆجییە کە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردەى دەیکاتەوە و، بڕیارە بۆ ماوەیەکى دیاریکراو بەردەوام بێت.