بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دووەمین کۆنفرانسی ئەکادیمى نێودەوڵەتی فیزیای پزیشکی بەڕێوەچوو
بەچاودێرى و ئامادەبوونى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر ئەمیر چالى ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ژمارەیەکى بەرچاو لە پزیشکان و پزیشکانى پسپۆڕ و مامۆستایان و توێژەران و، لێپرسراوانى حکومى و حزبى، زانکۆى جیهان-هەولێر بەهەماهەنگى کۆمەڵەی فیزیای پزیشکی عێراقى؛ دووەمین کۆنفرانسی ئکادیمى نێودەوڵەتی فیزیای پزیشکی بەڕێوەبرد.
لەو کۆنفرانسە نێودەوڵەتیەدا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٦/١١/٢٠٢٣) لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا وتاری بەخێرهاتن لە لایەن سەرۆکی لێژنەى ڕێکخستن پێشکەش کرا، دواتر پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتەیەکى پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا بەگرنیگەوە باسى لە بوارى چارەسەرى فیزیایی کرد و، ڕاگەیاند: ئەم زانستە لە ئێستادا لەسەر ئاستى جیهان بایەخ و گرنگى زۆرى پێدەدرێ، وتیشى خۆشحاڵین کە وەک زانکۆى جیهان-هەولێر کۆنفرانسێکى لەو شێوەیە بەڕێوەدەبەین و پسپۆڕانى بوارەکەمان کۆکردۆتەوە بۆ قسەکردن لەسەر دواین هەنگا و پێشکەوتنە زانستیەکانى بوارەکە، تا بتوانین پزیشکان لە بوارى کردەییدا جێبەجێ بکەن بۆ نەخۆش و ئەو کەسانەى پێویستیان بەچارەسەرى پزیشکى هەیە، لە کۆتایی وتەکەشیدا دوپاتى پشتگیرى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێرى بۆ بەردەوامى و سەرخستنى ئەو جۆرە کۆنفرانسانە کردەوە. پاشان وتاری سەرۆکی کۆمەڵەی فیزیای پزیشکی عێراقى.
دواى پێشکەشکردنى وتەکان؛ بەرنامەى کارى کۆنفرانس دەستى پێکرد، بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕێگەى چەند پانێڵێکەوە (١٢) توێژینەوەى زانستى لەلایەن توێژەران و شارەزایانى بوارەکە پێشکەشکرا، کە تایبەت بوون بە ڕێگە جۆراوجۆرەکانى چارەسەرى فیزیایی بەسوود وەرگرتن لە ئەزمونى خۆماڵى و پێشکەوتنە تەکنەلۆژیی و زانستیەکانى بوارەکە، دوا بەدواى پێشکەشکردنى هەر بابەتێکیش لەلایەن ئامادەبوانەوە گفتوگۆى چڕ لەسەر ناوەڕۆکەکانیان دەکرا.
کۆنفرانسەکە بە گەڵاڵەکردنى کۆمەڵێک پێشنیاز و چارەسەرى پزیشکى نوێ و دەستنیشانکردنى چۆنیەتى پراکتیزەکردنیان کۆتایی بەکارەکانى هێنا، بەدابەشکردنى بڕوانامەى بەشداریکردن لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر ئەمیر چالى ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و لێپرسراوانى ئامادەبوو بەسەر بەشداربوان و توێژەرانى کۆنفرانسەکە، کۆتایی بە کۆنفرانسەکە هات.