بەشى بایۆلۆجى (میدیکەڵ مایکرۆبایۆلۆجى) بەسەرکەوتوویی هەڵمەتى خوێن بەخشینى بەڕێوەبرد
سەرۆکایەتى بەشى بایۆلۆجى لە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک نەریتێەکى ساڵانەى خۆى و، لە پێناو خزمەتکردن بەکۆمەڵگە و، بڵاوکردنەوەى ڕۆشنبیرى وبەکەلتورکردنى گیانى خۆبەخشى لەنێو فێرخوازان بەشێوەیەکى تایبەت و، لە نێو کۆمەڵگە بەشێوەیەکى گشتى، بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢) هەڵمەتێکى فراوانى خوێن بەخشینى لە کەمپى زانکۆ ڕێکخست.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٣/١١/٢٠٢١) بەشى بایۆلۆجى بەپاڵپشتى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، بەهەماهەنگى بانکى خوێن لە شارى هەولێر و، بەهاوکارى فێرخوازان وچین وتوێژە جیاکانى کۆمەڵگە هەڵمەتەکە لە کەمپى زانکۆ بەڕێوەچوو.
لە میانەى بەڕێوەچوونى هەڵمەتەکەدا، ژمارەیەکى زۆرى فێرخوازان و چین و توێژەکانى کۆمەڵگە بەدەم بانگەوازەکەى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر هاتن، بەشێوەیەک لە ماوەى تەنها دوو کاتژمێر لەلایەن خوێن بەخشان (٥٠) بوتڵ خوێن پێشکەش بەنوێنەرانى بانکى خوێن لە شارى هەولێر کرا.
لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنى جیهان، هاوکار جەلال قەرەداغی بەرپرسی ڕاگەیاندنی بانکی خوێنی هەولێر لە بارەى هەڵمەتەکە ڕایگەیاند: “زانکۆى جیهان- هەولێر هەموو ساڵێک لە هەڵمەتەکانى خوێن بەخشین پێشەنگ بووە”، لەو چوارچێوەیەشدا داواى لە زانکۆکانى دیکە کرد، “هاوشێوەى زانکۆى جیهان-هەولێر یارمەتى تیمە گەڕۆکەکانى بانکى خوێن بدەن”، هاوکات داواى لەسەرجەم مامۆستایان و فێرخوازان و هاوڵاتیان کرد خوێن ببەخشن، “چونکە خوێن بەخشین جگە لەوەى لایەنى بەرامبەر سودى لێ وەردەگرێ، بۆ لایەنى دەرونى و جەستەیی و تەندروستى کەسى خوێن بەخشیش سودى زۆر گەورەى هەیە”.
زانکۆى جیهان-هەولێر وەک یەکێک لە زانکۆ پێشەنگەکانى هەرێمى کوردستان، بەردەوام لە ڕێگەى پڕۆژەى جیا توانیویەتى خزمەت پێشکەش بەکۆمەڵگە و سێکتەرە جیاکانى حکومەت بکات، بەشداریکردنى لەم هەڵمەتەش بەبەشێکى گرنگ لە کارەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە قەڵەمدەدرێ.