بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى لە یادى (١٢٧) ساڵەى ڕۆژى ڕۆژنامەگەرى کوردى دەکات
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٢/٤/٢٠٢٥)، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژى ڕۆژنامەگەرى کوردى شاندێکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرۆکایەتى مامۆستاى یاریدەدەر ئەزوەر قاسم ئاغا سەرۆکى بەشى ڕاگەیاندن و، مامۆستاى یاریدەدەر هێمن ئەمین شوانى بەشدارییان لە یادى (١٢٧) ساڵەى ڕۆژى ڕۆژنامەگەرى کوردى و، یادى (٢٧) ساڵەى دامەزراندنى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان کرد.
لەو ساڵە یادەدا، کە لەلایەن سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان ڕێکخرابو و، لە هۆڵى شیراتۆن لە شارى هەولێر بە ئامادەبونى میدیاکاران و نوسەران و مامۆستایانى زانکۆ و پسپۆڕان و شارەزایان و شاعیران و لێپرسراوانى حکومى بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا ئامادەبوان بەساتێک بێ دەنگى بۆ گیانى پاکى شەهیدان ڕاوەستان، پاشان چەند وتەیەک بەو بۆنەیەوە پێشکەشکران، لە وتەکاندا دواى پیرۆزبایکردن لە ڕۆژنامەنوسانى کوردستان، ڕۆڵى میقداد مەدحەت بەدرخان و بنەماڵەى بەدرخانیەکان لە دەرچوونى ڕۆژنامەى کوردستان و کاروانى ڕۆژنامەگەرى کوردى بەرز نرخێندرا، هەروەک ئاماژە بەو قۆناغ و هەوارز و نشێو و ئاستەنگانەش کرا، کە میدیاى کوردى پێدا تیپەڕ بووە، پاشان دوو پانێڵ لەلایەن میدیاکاران و مامۆستایانى زانکۆ پێشکەشکرا، پانێڵى یەکەم بەناونیشانى (ڕیفۆرم و ڕێکخستنى میدیا، میکانزم و پڕۆژەى چارەسەر) بوو، پانێڵى دوەمیش تایبەت بوو بە (کاریگەرى ژیریی دەستکرد و ئاڵنگارییەکانى بەردەم میدیا).دوا بەدواى پێشکەشکردنى پانێڵەکانیش مامۆستایانى زانکۆى جیهان-هەولێر و، بەشداربوانى ساڵیادەکە بە خستنەڕوى بۆچون و سەرەنج و بیروڕاکانیان ساڵیادەکەیان دەوڵەمەند تر کرد و، چەندین گفتوگۆى ڕۆژنامەوانیان پێکەوە کرد.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمى ساڵیادەکەدا چەند چالاکیەکى دیکە بەڕێوەچوو و، تیایدا خەڵاتى زێڕینى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان پێشکەش بە ڕۆژنامەنوسى دیارى کورد مامۆستا جەمال خەزنەدار کرا.