بەشى ڕاگەیاندن وۆرکشۆپێکى تایبەت بە میدیاى نوێ و کۆمەڵگە بەڕێوەدەبات
لە بەردەوامى چالاکیە زانستیەکانى سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆرکشۆپێکى دوو ڕۆژەى لەبارەى میدیاى نوێ و کۆمەڵگە بەڕێوەبرد.
لەو چوارچێوەیەدا و، لە ڕۆژى یەکەمدا کە لە ڕێکەوتى (٢٧/٢/٢٠٢٢) لە هۆڵى ئەکادیمیاى زانکۆ بەئامادەبوونى مامۆستا ئامانج عوسمان سەرۆکى بەشى ڕاگەیاندن و، ژمارەیەک لە مامۆستایانى زانکۆ و فێرخوازان بەڕێوەچوو، مامۆستاى یاریدەدەر (هێمن ئەمین شوانى) مامۆستا لە بەشى ڕاگەیاندن بابەتێکى بەناونیشانى (مەترسیەکانى میدیاى نوێ لەسەر بەها کۆمەڵایەتیەکان) پێشکەشکرد.
لە میانەى بابەتەکەیدا، مامۆستاى یاریدەدەر (هێمن ئەمین شوانى) دواى ناساندنى چەمکەکانى میدیاى نوێ و بەها کۆمەڵایەتیەکان، بەوردى تیشکى خستەسەر پەیوەندى نێوان ڕاگەیاندن و بەها کۆمەڵایەتیەکان، هەروەک ڕونکردنەوەى زانستى لەبارەى تایبەتمەندییەکانى بەها کۆمەڵایەتیەکان و گرنگیەکانى باسکرد، دواتر باسى لە جیاوازییەکانى کۆمەڵگەى واقعیى و کۆمەڵگەى گریمانەیی کرد، وتیشى ئاڵودەبوون بەمیدیاى نوێ و بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان مەترسى گەورە لەسەر بەها کۆمەڵاتیەکان لە کۆمەڵگەى واقعیى دروست دەکات، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: بڵاوبونەوەى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان مەترسى گەورەى کردۆتە سەر بەهاى خێزان و پێکەوەژیان و ئامارەکان ئەوە پیشان دەدەن کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانى جیابونەوەى هاوسەران لە ساڵى (٢٠٢١) خراپ بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بووە، هەر ئەو مامۆستا باسى لە یاریە ئەلکترۆنیەکان و کاریگەرى لەسەر لادان و زیادبونى توندوتیژى لە کۆمەڵگە و سڕینەوەى بەهاى لێبوردەى کرد، ئەوە جگە لە دابڕانى کۆمەڵایەتى و کاڵبونەوەى متمانە لە نێوان تاکەکان و بڵاوکردنەوەى هزرى توندوتیژى و تێکدانى بەهاى پێکەوەژیانى ئاشتیانەى گەلان و، لەباربردنى یەکانگیرى کۆمەڵایەتى و، چەند بابەتى دیکەى گرنگە لەوانە بڵاوبونەوەى بەدڕەوشتى و لاوازکردنى ڕێزگرتن.
لە تەوەرى دوەمى یەکەمى ڕۆژى وۆرکشۆپەکەدا، مامۆستاى یاریدەەر (دانا عوسمان) بابەتێکى بەناونیشانى (کاریگەرى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر کۆمەڵگە) پێشکەشکرد.
لە میانەى بابەتەکەیدا، مامۆستاى یاریدەدەر (دانا عوسمان) دواى پێشکەشکردنى کورتەیەکى مێژویی لەبارەى دەرکەوتنى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئینجا باسى مێژوى گەشەسەندنى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانى (فەیسبوک، تویتەر، ئینستاگرام، سناپ چات و تیکتۆک) بەتایبەت کرد، لە بەشێکى دیکەى بابەتەکەیدا، ئەو مامۆستایەى بەشى ڕاگەیاندن بەدور و درێژى و بەشێوەیەکى زانستى باسى لەلایەنە باش و لایەنە خراپەکانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کرد و، جەختى لەسەر ئەوە کردەوە لە ڕووى سیاسیەوە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕۆڵى گرنگیان هەبوە لە بڵاوکردنەوەى هۆشیارى سیاسى و گۆڕینى بڕیارە سیاسیەکان و هەڵمەتەکانى هەڵبژاردن لە وڵاتان، بۆ ئەوەش چەندین نمونەى جیاى هێنایەوە، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە لە ڕوى ئابوریشەوە توانیویەتى ڕۆڵێکى کارا بگێڕێ بەتایبەت لە بوارى ڕیکلام و بەبازاڕیکردن، بۆ لایەنە نەرێنیەکانیش بەهێنانەوەى چەندین نمونەى زانستى باسەکەى دەوڵەمەنتر کرد.
لە ڕۆژى دووەمى وۆرکشۆپەکەشدا، کە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٨/٢/٢٠٢٢) بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا دکتۆر هاوژین عومەر محەمەد بابەتێکى بەناونیشانى (کاریگەرى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەتایبەت لەسەر ڕەفتارەکانى تاک) پێشکەشکرد، بۆ ئەو مەبەستە چەندین نمونەى هێنایەوە بەتایبەت لە چۆنیەتى خواردن دروستکردن و شێوازى خواردن لەپۆشینى جلوبەرگ، وتیشى تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک زیاتر لەهەموان کاریگەرى لەسەر ڕەفتارى تاکەکان لە کۆمەڵگەکان دروستکردوە.
لە تەوەرى دووەمدا، مامۆستا شیرین ساڵح ئەحمەد لێپرسراوى ڕێکخراوى ئاڤا، باسى لە لێکەوتەکانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر پێکهاتە جیاکانى کۆمەڵگە کرد، بەتایبەت لە بڵاوبونەوەى فەیکنیوز و، پەرتەوازەکردنى بونیادى کۆمەڵگە هەبوە و، بەهۆیەوە چەندین ڕەفتار و نەریتى هەڵە و ناپەسندى لە نێوان تاکەکانى کۆمەڵگە بڵاوکردۆتەوە.
دوابەدواى پێشکەشکردنى هەریەک لە بابەتەکان، ئامادەبوان بەخستنەڕوى بۆچون و پرسیارەکانیان بابەتەکانیان دەوڵەمەنتر کرد.