بەشی بایۆمیدیکاڵ سیمینارێکی تایبەتى دەربارەی زیپکە و شوێنەوارەکانی بەڕێوەبرد
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٣/١١/٢٠٢٥، سەرۆکایەتى بەشى بایۆمیدیکاڵ سیمینارێکی زانستیی بە ناونیشانی “زیپکە و شوێنەوارەکانی دوای زیپکە: بەڕێوەبردنی پزیشکی و ڕێکاری جوانکاری” لە هۆڵی (VIP Hall) ساز کرد.
سیمینارەکە لەلایەن دکتۆرە (ڕەند درێد عەبدوڵڵا)، خاوەنی کلینیکی دکتۆرە ڕەند خەتیب بۆ جوانکاری پێشکەش کرا و، ژمارەیەک لە مامۆستایان و فێرخوازانی بەشە جیاوازەکان ئامادەی بوون، لە میانەی پێشکەشکردنەکەیدا، دکتۆرە ڕەند درێد شیکردنەوەیەکی وردی لەسەر میکانیزمی دروستبوونی زیپکە خستەڕوو و، ڕوونی کردەوە کە چوار هۆکاری سەرەکی کاریگەرییان هەیە: دەردرانی زیاد لە پێویستی چەوری (Sebum)، توێژاڵگرتنی نائاسایی کە دەبێتە هۆی گیرانی کونی مووەکان، گەشەکردنی بەکتریای (Cutibacterium acnes)، لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانەکانی هەوکردن. هەروەها باسی لە جۆرە جیاوازەکانی زیپکە و هۆکارەکان کرد و گفتوگۆی لەسەر شێوازە چارەسەرییە زانستییەکان کرد، لەوانە چارەسەرە لۆکاڵییەکان (مەرهەم) و چارەسەرە سیستمییەکان (دەرمان) کە لە پزیشکیدا بەکاردێن.
لە بەشێکى دیکەى سمینارەکەیدا، دکتۆرە ڕەند درێد کۆمەڵێک تەکنیکی جوانکاریی مۆدێرنی خستەڕوو بۆ چارەسەری زیپکە و شوێنەوارەکانی. ئەم تەکنیکانە بریتی بوون لە: تەقشینی کیمیایی (Chemical Peeling) بە جۆرەکانی وەک گڵایکۆلیک، لاکتیک و “یەلۆ پیڵ”، هەروەها بەکارهێنانی لەیزەری کاربۆنی و لەیزەری کیو-سویچ (Q-Switch)، و تەکنیکی مایکرۆنیدڵینگ لەگەڵ پلازمای دەوڵەمەند بە پەڕەکانی خوێن (PRP) یان ئێکسۆزۆم (Exosomes).
سیمینارەکە بە گفتوگۆی کراوە کۆتایی هات، کە دەرفەتی بە بەشداربووان دا ڕا و سەرنجەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن، هاوکات جەخت لەسەر گرنگیی تێکەڵکردنی ڕێکارە پزیشکی و جوانکارییەکان کرایەوە بۆ چارەسەرێکی گشتی زیپکە.






