بەشی بایۆمیدیکاڵ چالاکیەکى تایبەت بە هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک لە ڕێگەی خستنەڕوى شیکاری ئامارییەوە بەڕێوەدەبات
لە چوارچێوەى چالاکییەکانی هۆشیارکردنەوەی شێرپەنجەی مەمک، بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر، وۆرک شۆپێکی بە ناونیشانی “تێگەیشتن لە شێرپەنجەی مەمک لە ڕێگەی ئامارەکانەوە” بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەیاد حازم، یاریدەدەرى سەرۆکی زانکۆی جیهان – هەولێر بۆ کاروباری زانستی و، ژمارەیەک لە سەرۆک بەشەکان و ئەندامانی دەستەی وانەبێژی و فێرخوازان زانکۆ لە بەشە جیاوازەکان بەڕێوەبرد.
ئەم وۆرک شۆپە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی 14/10/2025، لە هۆڵی (VIP) لە زانکۆی جیهان – هەولێر بەڕێوەچوو، کە تیایدا دکتۆر چنار عەلی سنجاوی، پزیشکی نەشتەرگەری گشتی و سەرۆکی بەشی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، بە داتا ئامارییەکانی شێرپەنجەی مەمک لەسەر ئاستی جیهانی و عێراق باسى لە بابەتەکەى کرد و. ئاماژەی بەوەدا بەپێی داتاکانی ساڵی 2024ی وەزارەتی تەندروستی عێراق، 9043 حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک تۆمارکراوە، کە دەکاتە 19.5%ی کۆی گشتی دانیشتوانى عێراق.
هەروەها دکتۆر چنار گرنگترین ئەو هۆکارانەی خستە ڕوو، کە بەشدارییان لە زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لە عێراقدا کردووە، لەوانە دواکەوتن لە سەردانیکردنی سەنتەرە پزیشکییەکان، سنوورداری خزمەتگوزارییەکانی پشکنین و تیشکدان (مامۆگرافی) و کەمی کادری تەندروستی پسپۆڕ، هەروەک جەختی لە گرنگی پشکنینی کەسى مەمک وەک ڕێگەیەکی کاریگەر بۆ زوو دەستنیشانکردن کردەوە و، ڕوونیشی کردەوە ئەو حاڵەتانەی لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا دەستنیشان دەکرێن، ڕێژەی چاکبوونەوەی تەواویان دەگاتە 99%.
لە کۆتایی وۆرک شۆپەکەدا، کە بە ئامادەبوانى وەلید حەیدەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی ئاشتی تەندروستی، و خاتوو کاربێن کەرخی عومەر، هاوبەشی دامەزرێنەری ڕێکخراوەکە بەڕێوەچوو، دکتۆر چنار عەلى سوپاسی سەرۆکایەتى بەشی بایۆمیدیکاڵ و سەرجەم ئامادەبووانی کرد، لە کۆتایشدا بڕوانامەی ڕێزلێنان و قەڵغانێکی بەشى بایۆمیدیکاڵ پێشکەش بە دکتۆر چنار عەلى کرا بۆ بەشداریی بەنرخی لە پشتگیریکردنی پڕۆگرامی هەڵمەتەکانى هۆشیارکردنەوەی شێرپەنجەی مەمک لە زانکۆى جیهان-هەولێر.







